مەكتەبی سیاسی یەكێتی سێ‌ خاڵ بڵاو دەكاتەوە

0

aaaaمەكتەبی سیاسی یەكێتی سێ‌ خاڵ بڵاو دەكاتەوە

نوچە: هەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا، سێ‌ خاڵ بڵاو دەكاتەوە و دان بە پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگەدا دەنێت، لە هەندێك ناوچەدا.
لە راگەیاندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە بەڵێ.. لەھەندێ شوێندا، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای شەڕێکی قارەمانانەو دەیان شەھیدو سەدان بریندار، پاشەکشەی کردووە”.
دەقی رراگەیاندراوەكە..

 

 

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر بۆ نەتەوەکەمان و ناوچەکەو تەواوی جیھان دەرکەوت، کە تیرۆریستە رەشە کوژەکان، دوژمنی نیشتمان و نەتەوەو دیموکراسی و ئازادی وڵاتان و گەلان و ئازادیخوازانی ناوچەکەن، بەتایبەتی عیراق و کوردستان. بەمەش سەنگەرەکان، لەڕووی بابەتی و لەبۆتەی خەباتدا، لەیەک جیاکرانەوە. سەنگەری بەرگری ئازادیخوازان، بەرامبەر سەنگەری ئاشکراو نھێنی سەلەفی و کۆنەپەرستان.
ئەگەر.. پێشتر، بەرچاوی ھەموو لایەکمان رۆشن بوایە کە تیرۆریستەکان چەند مەترسیدارن، ئێستا لەتێکشکاندنی ئەم ھێزە تاریکخوازە باشتر سەردەکەوتین.
ئێستاش، سەرەڕای ئەوەی شەڕێکی سەرانسەری، لەقەزای خانەقینەوە، ھەتا شەنگال، بەسەراپای ھێلەکانی بەرەنگاری پارێزگای کەرکوک و دووز خورماتوو، قەرەتەپە و جەبارە، مەخمورو دەوروبەرییەوە، یەکەمینجارە لەمێژووی کوردستان و کوردایەتی-دا، پێشمەرگە، شەڕێکی بەرەیی لەڕووبەری زیاتر لەھەزار کیلۆمەتردا، سەنگەری گرتووەو پەیتا پەیتا لەشەڕدایە و توانیویشیەتی نەک ھەر ھەرێمی کوردستان، وەکو سێ پارێزگاکە بپارێزێ، بەڵکو پارێزگای کەرکوک و خانەقین و گەلێ ناوچەی تریشی لەپارێزگای نەینەواو شوێنانی تریشی پاراستووە. لەھەمانکاتدا، جێی داخە، لەناوچەی شەنگال و ھەتا رادەیەک لەناوچە ئێزدیی-نشینەکاندا، سەرکەوتنی چاوەڕوان نەکراوی تیرۆریستەکان، ھەستی نەتەوایەتی کوردستانیان و تەنانەت، رای گشتی جیھانیشیان، ھەژاندووە.

ئەی خەڵکی دڵسۆز!
ئەم تیرۆریستانە، شەڕی ناوبەناویان، لەگەڵ گەلی کوردستان، بەپشتیوانی دوژمنانی دیموکراسی، گۆڕیوە بەجەنگی راستەقینەی فراوان. بۆیە گەلەکەمان ئێستا لەشەڕدا نییە، بەڵکو لەجەنگێکی سەرانسەریدایە بەرامبەر ھێزێکی تیرۆریستی نێونەتەوەیی.. نەک ناوچەیی. بۆیە، جارێکی دیکە، دروشمە دێرینەکەی گەلەکەمان، بۆتەوە چارەنوسمان.. ئەویش (کورستان یان نەمانە). گەلەکەشمان، بەتاقیکردنەوەی سەدەی رابردوو، دەزانێ جەنگێکی فراوانی ئاوھا، لەھەندێ شەڕگەو لەھەندێک شوێندا پاشەکشەی سەربازی کاتی، لەتەواوی جەنگەکانی جیھاندا، روویداوەو رووش دەدات. بۆیە، ئێمەی گەلی کوردستانی قاڵبووی خەباتی پێشمەرگایەتی، دەبێ وریای ئەوەبین، نەسەرکەوتنی گەورەو بچوک بێباکمان دەکات، نەپاشەکشەی سەربازی و تاکتیکی شەڕگە گۆڕین، ئیرادەی سەرکەتنمان لاواز دەکات.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی، بەم راگەیاندنە، دەمانەوێ گەلەکەمان لەچەند خاڵێک ئاگادار بکەینەوە کەوا.
یەکەم: بەڵێ.. لەھەندێ شوێندا، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، دوای شەڕێکی قارەمانانەو دەیان شەھیدو سەدان بریندار، پاشەکشەی کردووە.
دووەم: لەسەرانسەری سەنگەرەکاندا، پێشمەرگە، بەورەیەکی کوردانەی کوردایەتی ئازادیخوازانەوە، شەو و رۆژ، بەرگری لەکورد و کوردستان، دەکەن و درێغیان نەکردووە.
سێھەم: سەنگەرەکان، سەنگەری تێکڕا ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە. ھیچ جیاوازییەکی حزبی لەنێوان پێشمەرگەی کوردستاندا نییە. بڕیاری سیاسی و بەرنامەی عەسکەری پەسەندکراوی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزە سیاسییەکان، جێبەجێ دەکرێ.
چوارەم: سیاسەتی پاراستنی کوردستان و ئیرادەی کوردایەتی و سووربوون لەسەر کوردستان یان نەمان، ئێستا زیاتر لەڕابردوو، لەویژدان و ناخی ھەموو ھێزە کوردستانییەکان، لەسەراپای کوردستاندا، جۆشی مەردایەتی و کوردایەتی دەخوات. ھەر بۆیە جێی خۆیەتی، سوپاسی بێ پایانی (ھێزەکانی ھەڵمەت) لەباکورو رۆژئاوای کوردستان بکرێ، کە گیان لەسەردەست بەھانای شەنگالییەکانەوە چوون و بە بەختکردنی گیانی خۆیان، گیانی دەیان ھەزار کەسیان، لەمەرگی تینوێتی و برسێتی و رەشەکوژی رزگار کرد. ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی ھێژایە، کە دڵنیابین، قارەمانانی نەتەوەکەمان، دژی ئەو تیرۆریستانەی سنوری دەیان وڵاتیان بڕیوە، بۆ ئەوەی ئازادی گەلەکەمان زەوت بکەن، ھەرگیز درێغی ناکەن.
لەکۆتایشدا دەڵێین: داوامان وایە، گەلەکەمان، لەم جەنگەدا، وریای جەنگی دەروونی بێ، چونکە، تیرۆریست و بەعسییەکان و شۆڤێنییەکانی عەرەب و ناوچەکە، جەنگێکی دەروونی فراوانیان دژی ورەو ئیرادەی کورد، وروژاندووە، کەجێی داخە، لەھەندێک کەناڵی راگەیاندنی کوردستاندا، ئەم جەنگە دەروونییە رەنگی نالەباری داوەتەوە. بێگومان میدیاکان دەبێ بزانن.. کە بەرەنگاری و جەنگێکی چارەنووسساز، بەرپرسیارێتییە.. نەک لیبرالییەتی ھەواڵ!
جەماوەری خۆڕاگر!
پێشمەرگەی کوردستان!
نەتەوەکەمان، بەردەوام بارودۆخی خەتەرناکی لەھەر چوار بەشەکەی کوردستاندا، دیووە. کیمییاباران و ئەنفالکردنی تێپەڕاندووە. گەلەکەمان دڵنیادەکەینەوە، لەم جەنگەشدا دژی دوژمنی ئازادی و دیموکراسی و مرۆڤایەتی، زوو یان درەنگ، ھەر سەر دەکەوین.
ئەی گەلی ئازادیخوازمان!
گەلان راھاتوون بەرگەی قوربانیدان و رووداوی خوێناوی بگرن، ھەر شەھیدێکیش لەو پێناوەدا ببەخشن، نەمرن و دەبنە ئەستێرەیەکی گەشی مێژوو. بەڵام کوان دوژمنانی دیموکراسی لەمێژوودا؟ لەچ لاپەڕەیەکی رەشدا ناویان نوسراوە؟ جگە لەشەرمەزاری و شکست و سەر شۆڕی.. چی بۆ دوژمنانی گەلان و دیموکراسی ماوەتەوە؟
ئەی خەڵکینە!
بەھەر رێگایەک دەتوانن.. بەچەک، بەیارمەتی، بەباربوو، بەباوەشی گەرمی کوردانە، بەپێکەنین و سڵاوی دڵسۆزانە.. تەنانەت بەقسەی خۆش، پشتیوانی پێشمەرگەبن. لەھەمووشی گرنگتر و کاریگەرتر، ئەوەیە کە بەرپەرچی دوژمنان بدەنەوە لەم جەنگە دەروونییەی بەرامبەر گەلەکەمان بەرپایان کردووە. لەسەرکەوتنیش دڵنیاین. لەپاراستنی کوردستان و ئازادی دڵنیابن.
-بژی ھێزی یەکگرتووی پێشمەرگە
-بژی ئیرادەی لەشکان نەھاتووی کوردایەتی
-نەمری بۆ شەھیدان
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٨/٨/٢٠١٤

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com