هەرێمی كوردستان دەستی بە ناردنە دەرەوەى نەوتی كەركووك كرد
نوچە: هەولێر
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچە، هەرێمی كوردستان، لە رێی بۆرییەكانی خۆیەوە، دەستی بە ناردنە دەرەوەی نەوتی بیرەكانی كەركووك كرد، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، بە گوێرەی یاسا هەرێم ناتوانێت ئەو كارە بكات.
زانیارییەكان دەری دەخەن، كە ماوەیەكە ئەو نەوتە هەناردەی بەندەری جیهانی توركی دەكرێت، ئایدن مەعروف نوێنەری بەرەی توركمانی لە شاری هەولێر، كە لە هەمانكاتدا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیشە، زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە، ئایدن بە نوچەی راگەیاند “راستە ماوەیەكە نەوتی كەركووك رەوانەی دەرەوە دەكرێت و تا ئێستایش بەردەوامە”.
ئایدن وتیشی “بەڵام ئێمە وەك بەرەی توركمانی و وەك پێكهاتەی توركمانی، ئاگامان لە داهاتی ئەو نەوتە نیە”.
لەلایەكی ترەوە دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمانی كوردستان، بە نوچەی راگەیاند، ئەوان وەك لیژنەی پیشەسازی و وزە ئاگاداری هەناردەكردنی نەوتی كەركووك نین، وتیشی “بە گوێرەی یاسا هەرێمی كوردستان ناتوانێت نەوتی كەركووك هەناردەی دەرەوە بكات، ئەگەر رێككەوتنی نەبێت لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی باكور”، دڵشاد وتیشی “بەڵام پێشتر هەوڵێك هەبوو بۆ رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای نەوتی باكوری عێراق، چونكە نەوتی كەركووك دەبێت هەناردە بكرێت”.
نوچە چەند جارێك هەوڵی دا پەیوەندی بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، بەڵام وەڵامێكی دەست نەكەوت.
