د. عەلی قەرەداغی: داعش مەرجەعییەتێكی توندڕەو و جاهیلیان بۆ خۆیان داناوە
نوچە: هەولێر
پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمنیداری گشتی یەكێتی زانایانی مسوڵمان رایگەیاند، كێشەی راستەقینەی “داعش و گرووپە توندڕەوەكانی تر فكرییە و وەك یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان زۆر هەوڵمانداوە بۆ تێگەیاندنیان بەڵام داعش بەربەرستێكیان لە نێوان زانایانی میانڕەو و خۆیاندا دروستكردووەو مەرجەعییەتێكی توندڕەو و جاهیلیان بۆ خۆیان داناوە.”
د.عەلی قەرەداغی كە هاوكات سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی ئیسلامی كوردیش، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، باس لە كێشەو پێكدادانەكانی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامی و هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر هێرشەكانی سەر كەرتی غەزە و كردەوەكانی چەكدارانی داعش دەكات.
عەلی قەرەداغی سەرەتا باس لە كێشەكانی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامی دەكاو دەڵێت “جیهانی ئیسلامی ڕوبەڕوی چەند كێشەیەكی گەورە بۆتەوە لە كێشەی تیرۆریستی و برسێتی و دواكەوتویی و شەڕ و كوشتن و جیاوازی و دوبەرەكی، ئەوەشی كە هەیە هیچی لەگەڵ ئاینی ئیسلام ناگونجێ و ئەم ئاینە دژی تیرۆرە و ئاینی ئاشتی و خێرو خۆشییە”.
قەرەداغی دەڵێت “ئوممەتی ئیسلامی ناخوێنێتەوەو نەخوێندەواری و نەبوونی هۆشیاری فیكری و شارستانی و قبوڵنەكردنی یەكتر لە ناو جیهانی ئیسلامی كۆبووەتەوەو هۆكاری سەرەكیشی دوركەوتنەوەیە لە ناوەڕۆكی ئیسلام”.
ئەو بەشێكی تری هۆكارەكانی بۆ پلانی نێودەوڵەتی دەگێڕێتەوە و دەڵێت ” پلانێكی گەورە هەیە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواو دوژمنانی ئیسلامەوە و پڕۆژەیان هەیە بۆ پارچە پارچەكردن و دروستكردنی جیاوازی لە نێو جیهانی ئیسلامی و دوركەوتنەوە لە بواری شارستانی و بنیاتنان و پێشكەوتنی ئابوری”.
قەرەداغی زیاتر لەو بارەیەوە دەڵێت ” بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهان لە بونی كێشەو گرفت و شەڕو ناكۆكییە لە ناو وڵاتانی ئیسلامیدا، ئەوەش بۆ دەستگرتن و سود وەرگرتن لە خێرو بێری ئەم وڵاتانەو بردنی ئەو سامانە سروشتییەی لەو وڵاتانە هەیە، لە بەرامبەریشدا ئەو چەك و تەقەمەنییەی خۆیان دروستیان كردووە بەم وڵاتانەی دەفرۆشتنەوە”.
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان باس لە تاكە ڕێگای ڕزگاربونی جیهانی ئیسلامی لەو كێشە و گرفتانە دەكات و دەڵێت “لەو كێشانە ڕزگاریان نابێ تا نەگەنە بەرژەوەندی و هۆشیارییەكی وا كە پێكەوە كۆیان بكاتەوە”.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا نیگەرانی ڕێكخراوەكەی نەشاردەوە لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر هێرش و پەلامارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە و دەلێت “تا ئێستا چەند بەیاننامەیەكمان دەركردووەو ئیدانەی هەڵوێستی زۆربەی وڵاتانی عەرەبیمان كردووە كە نەك هەڵوێستێكی سادەیان بەرامبەر كردەوەكانی ئیسرائیل هەیە بەڵكو هەڵوێستەكانیان سلبیەو زۆرجار پشتیوانی ئیسرائیل دەكەن دژی حەماس، بە هەموو ئەو وڵاتاناشەوە هێندەی حەماس بەرگرییان پێناكرێ لە خاكەكەیان”.
عەلی قەرەداغی باس لە گروپی داعش دەكات و ئاماژەی دەكات بەوەی كردەوەكانی ئەو گرووپە لە كردەوەكانی ڕێكخراوی قاعیدە توندڕەوانەترە “كردەوەكانی داعش لە سوریاو كوشتنی هاوڵاتیان و چەكدارانی سوپای سوریای ئازاد و لاوازكردنی پڕۆژەی بەرگری لە سوریا و ئەو كارەساتانەی ئەوان ئەنجامیاندا دورە لە هەر بەهایەكی ئاینی و مرۆیی”.
هەروەها دەڵێت “هێرش و پەلامارەكانی ئێستای گروپەكە لە عێراق و تەقاندنەوەی ئەو جێگایانەی لەو ناوچانەی هەیە كردەوەیەكی نەشیاوە، دەوڵەتداری بەو شێوەیەی ئەوان ناكرێ و مافی ئەوەشیان نییە وەك گروپێكی توندڕەوی بچوك دەوڵەتی ئیسلامی بەسەر جیهانی ئیسلامی ڕابگەیەنن”.
قەرەداغی باس لەوە دەكات پێشتر زۆر هەوڵیانداوە بۆ تێگەیاندنی گروپە چەكدارەكانی جیهانی ئیسلامی لە چۆنێتی گەیاندنی پەیامی خۆیان و زۆرێكیان وەڵامدانەوەی باشیان هەبووە دەیشڵێت “كێشەی راستەقینەی ئەوان فكرییە و وەك یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان زۆر هەوڵمانداوە بۆ تێگەیاندنیان بەڵام داعش بەربەرستێكیان لە نێوان زانایانی میانڕەو و خۆیاندا دروستكردووەو مەرجەعییەتێكی توندڕەو و جاهیلیان بۆ خۆیان داناوە”.
قەرەداغی لە بارەی هەڵوێستی كورد لەو نێوانەدا دەڵێت “پێش هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچە كوردییەكان پێمان باش بو كورد نەبێتە بەرەیەك لە جەنگەكە و شەڕ لە بری هیچ لایەكی تر نەكات، بەڵام ئێستا پێویستە وڵاتانی پەیوەندییدار بەو جەنگەوە بەشداری شەڕی دژ بە داعش بكەن و كورد بەتەنها نەهێڵنەوە بۆ شەڕی داعش”.