هێزی پێشمەرگە گەیشتنە شاری موسڵ
نوچە: هەولێر
هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەیشتوونەتە گەڕەكێكی شاری موسڵ و بە چڕیش بۆردومانی باكوری ئەو شارە دەكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچە، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لە هەمانكاتدا فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و فەرمانی بە هێزی پێشمەرگە دا كە هێرش بكەنە سەر داعش، ئێستا هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و توانیویانە زەبری كاریگەر لە هێزەكانی داعش بدەن.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئێستا هێزی پێشمەرگە گەیشتوونەتە گەڕەكی قاهیرەی شاری موسڵ و شەڕی راماڵینی داعش دەكەن.
هەروەها زانیارییەكان ئەوەیش ئاشكرا دەكەن، كە ئێستا هێزی پێشمەرگە بوردمانی باكوری شاری موسڵ دەكەن و بەوهۆیەشەوە زیانی زۆر بەر هێزەكانی داعش كەوتووە.
سەعید مەمووزینی ئەندامی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری موسڵ رایگەیاند، هێزەكانی داعش زیانی گیانی زۆریان بەركەوتووە، هەروەها وتیشی “نەخۆشخانەكانی موسڵ پڕن لە بریندارانی داعش، چەكدارەكانی داعشیش بە زۆر پیاوان لە ماڵەكان دەهێننە دەرەوە و دەیاننێرن بۆ نەخۆشخانەكان، تا خوێن بە بریندارەكانیان بدات”.