وەزیرەكان 30 هەزار دۆلارەكەیان گەڕاندەوە
نوچە: هەولێر
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ ئەو 30 هەزار دۆلارە كردووە، كە بۆ كڕینی كەلوپەلی نا ماڵی وەزیرەكان تەرخان كرابوو، دەڵێت بەشێكیان پارەكەیان وەرگرتبوو، بەڵام گێڕایانەوە بۆ حكومەت.
فرسەت سۆفی بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە “بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییمان كردووە، بۆشمان روون بووەوە كە بەشێك لە وەزیرەكان تا ئێستا خانوویان وەرنەگرتووە و ماڵیان لە دەرەوەی هەولێرە و خەرجیی رۆژانەیان زۆرە كە ئەمەیش كاریگەرییەكی زۆری بۆ سەر حكوومەت هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە پارەیش بۆ مانەوەیان لە هۆتێل خەرج دەركرێت، بۆیە داوایان كردووە كە خانوو وەربگرن و كەلوپەلی ناوماڵیان بۆ دابین بكرێت، لە جیاتی ئەوەیش كە پارەی كاشیان بدرێتێ، بڕیار درا لە ڕێگەی لیژنەیەكی حكوومەتەوە پێداویستیی ناوماڵیان بۆ دابین بكرێت”.
وتویشیەتی “دوای قسەكردن لەگەڵ وەزیرەكان، بڕیار درا پارەكان وەرنەگرن و دواتر لیژنەیەك لە حكوومەت دروست بكرێت و سەردانی ماڵەكان بكات، چەندیش كەلوپەل پێویست بێت، دابینی بكەن”.
هەروەها وتویەتی “زۆربەی وەزیرەكان پارەكەیان وەرگرتبوو، بەڵام دواتر گەڕاندیانەوە بۆ حكوومەت”.