بارزانی فەرمانی هێرشكردنی بە هێزی پێشمەرگە دا
نوچە: هەولێر
لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی بە هێزەكانی پێشمەرگە دا، كە هێرش بكەنە سەر داعش.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە “لەدوای ڕوووداوەکانی موسڵ کوردستان تەنیا بەرگریی لەخۆی کرد بەڵام تیرۆریستان کەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی کوردستان و ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی لێ کەوتەوە. بۆیە بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و ھەتا دوایین ھەناسە شەڕی تیرۆریستان بکەین. فەرمانمان بە ھێزەکانی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە ھەموو توانایەک پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان بدەن“، هەروەها هاتووە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممار و شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزیدیەکانمان ھاتووە دڵتەزێنە و گەلی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەرداری بستێک لە خاکی کوردستان نابین و شنگال و خوشک و برا ئێزیدییەکانمان وەک گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بە خۆڕاگری و سەرکەشی دەمێنێتەوە. ئەو بەشە ئازیز و ڕەسەنەی گەلەکەمان ھەر سەربەرزە و ئەرکی تاک تاکی ئێمەیە شکۆیەکەی بپارێزین“.
سەرۆكی هەرێم دەیڵێت “لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە ڕۆڵە قارەمانەکانمان ھێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەستپێکردووە و لەپێشڕەوییدان. داوا لە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و میدیا کوردستانییەکان دەکەم بە ورەی بەرز و بەوپەڕی چاوکراوەیی و ھەست بەبەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و زیاتر لە ھەر کاتێک یەکڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن. پێشمەرگە قارەمانەکانیش لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە گەلی کوردستان بە ھەموو توانایەک پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتیی ئێوەی سەربەرزە”.
دەقی بەیاننامەكە
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
گەلی کوردستان لەسەر کولتووری ئایینپارێزی و فرەئایینی و پێکەوەژیان ڕاھاتووە و تەعەدای لەکەس نەکردووە و بە درێژایی مێژوو تەنیا بەرگریی لەخۆی کردووە. بەڵام دوژمنان وازیان نەھێنا و ھەر جارە و بەشێوەیەک دەیانەوێ زیان بە گەلەکەمان بگەیێنن. لەدوای ڕوووداوەکانی موسڵ کوردستان تەنیا بەرگریی لەخۆی کرد بەڵام تیرۆریستان کەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی کوردستان و ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی لێ کەوتەوە. بۆیە بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و ھەتا دوایین ھەناسە شەڕی تیرۆریستان بکەین. فەرمانمان بە ھێزەکانی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە ھەموو توانایەک پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاک و خەڵکی کوردستان بدەن.
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممار و شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزیدیەکانمان ھاتووە دڵتەزێنە و گەلی کوردستان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە دەستبەرداری بستێک لە خاکی کوردستان نابین و شنگال و خوشک و برا ئێزیدییەکانمان وەک گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بە خۆڕاگری و سەرکەشی دەمێنێتەوە. ئەو بەشە ئازیز و ڕەسەنەی گەلەکەمان ھەر سەربەرزە و ئەرکی تاک تاکی ئێمەیە شکۆیەکەی بپارێزین.
تیرۆر پرسێکی جیھانییە و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەوڵێکی نێودەوڵەتی پێویستە. چەندین ساڵە کوردستان قوربانیی ھەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریستان بووە و جێگەی داخە کە ئێمە تەنیا بووین و کەس یارمەتیی گەلی کوردستانی نەداوە لەدژی تیرۆر بەرگری لەخۆی بکات. لەگەڵ ئەوەیشدا لەشەڕی تیرۆر و شەڕانگێزیدا پشتمان بە گەلی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەکانی کوردستان بەستووە و ھەمیشەیش پابەندی بنەماکانی ئازادیخوازی و کولتووری ڕەسەنی پێکەوەژیان و لێبووردەیی کوردستانی بووین و ئەوە خاڵی بەھێزی سەرکەوتنمانە بەسەر دوژمن و دڵڕەش و تیرۆریستاندا.
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە ڕۆڵە قارەمانەکانمان ھێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەستپێکردووە و لەپێشڕەوییدان. داوا لە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و میدیا کوردستانییەکان دەکەم بە ورەی بەرز و بەوپەڕی چاوکراوەیی و ھەست بەبەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و زیاتر لە ھەر کاتێک یەکڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن. پێشمەرگە قارەمانەکانیش لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە گەلی کوردستان بە ھەموو توانایەک پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتیی ئێوەی سەربەرزە.
لە کۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگریی ھەموو خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزە خۆبەخشەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان دەکەم و لەوە دڵنیا بن کە ئاییندەیەکی گەش چاوەڕوانی گەلی کوردستانە.
بژی کوردستان
نەمری بۆ شەھیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٤ـی ٨ـی ٢٠١٤