وەزیری پێشمەرگە دەسەڵاتی بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی نیە
نوچە: هەولێر
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچە، وەزیری پێشمەرگە دەسەڵاتی بەرز كردنەوەی پلەی ئەفسەرانی نیە و ئەو دەسەڵاتە تەنها بە سەرۆكی هەرێم دراوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەیش دەڵێت “ئێمە وەك وەزارەت هیچ دەسەڵاتێكمان نیە، بۆ پێدانی پلەی سەربازی”.
بە گوێرەی زانیارییەكانی نوچە پێدانی هەموو پلەیەكی ئەفسەرانی پێشمەرگە، تەنها بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دراوە، كە لە هەمانكاتدا فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەیە و وەزیری پێشمەرگە ناتوانێت پلەی هیچ ئەفسەرێك بەرز بكاتەوە، هەروەها راگەیاندنی مەرسومی بەرزكردنەوەی پلەیش تەنها بە سەرۆكی هەرێم دراوە.
لە لێدوانێكدا بۆ نوچە، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوە و وتی “بەخشینی پلە، تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە، ئێمە وەك وەزارەت هیچ دەسەڵاتێكی پێدانی پلەی سەربازیمان نیە، تەنها وەزیر دەتوانێت پلە بە جوندی ئەوەل هەتا نایب زابتی دەرەجە مومتاز ببەخشێت، ئەوەیش بە گوێرەی كۆمەڵێك مەرجی دیاری كراو دەبێت، كە پەیوەندی بە خزمەت و بڕوانامەوە هەیە، وەك بڕوانامەی (9)ی بنەڕەتی یان (12)ی ئامادەیی یان پەیمانگە و كۆلێژ، بەڵام لە مولازمەوە هەتا دەگاتە پلە بەرزەكان، ئەوە لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە”.