مەحمود سەنگاوی بۆ نوچە: دوازدە كیلۆمەترمان ماوە بگەینە حەمرین
نوچە: تایبەت
لە لێدوانێكدا بۆ (نوچە) مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند، ناوچەكانی سەعدییە كوردیان تێدا نەماوە و هەموویان دەركراون، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە دوازدە كیلۆ مەتریان ماوە بگەنە حەمرین.
سەنگاوی وتی “ئێستا شەش كیلۆمەترمان ماوە بگەینە شاری سەعدییە، لەوێشەوە بۆ حەمرین شەش كیلۆمەتر دەبێت، واتە ئێمە دوازدە كیلۆ مەترمان ماوە بگەینە سەر سنووری مێژووی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە داخەوە ئەو ناوچانە كوردیان تێدا نەماوە”، وتیشی “لە شاری جەلەولایش نزیكەی سەدا هەشت كوردی تێدامابوو هەمووی دەركرابوو، ئێمە ئێستا لە ناو شاری جەلەولاداین و لەوێ شەڕ دەكەین، كە ئەو شارەیش نزیكەی سەدا نەوەد و پێنجی لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەیە، بەڵام چەند ماڵێكیشی بەلای شاری سەعدییەوە لە ژێر دەستی چەتەكانی داعشدان”.
سەنگاوی دەربارەی شكستەكەی پێشووی هێزی پێشمەرگە لە جەلەولا وتی “ئێمە لە شەڕەكانی پێشوویشدا سەركەوتنمان لە سەدا سەد بە دەستهێنا، بەم ئەو ناوچانە هێزێكی زۆریان دەوێت تێیدا بڵاو بكرێتەوە، ئێمە ئەوانمان شكاند و لە ناوچەكە دەرمان كردن و زیانی زۆرمان پێگەیاندن و گەڕاینەوە هەمان سەنگەرەكانی خۆمان كە پێشتر لێی بووین”.
دەربارەی پلانی داهاتووی هێزەكانیان وتی “هەر كەس وەڵامی پلانی داهاتووی هێزی پێشمەرگەتان بداتەوە راست ناكات، چونكە ئێمە هیچ زانیارییەك لە بارەی پلانی داهاتوومانەوە بە كەس نادەین”.