دەربارەی بیرە نەوتەكانی كەركووك، بەرەی توركمانی داوایەك ئاراستەی كورد دەكات

0

580دەربارەی بیرە نەوتەكانی كەركووك، بەرەی توركمانی داوایەك ئاراستەی كورد دەكات

نوچە: تایبەت

بەرەی توركمانی داوا لە لایەنە كوردییەكان دەكات، كە بە یاسا بیرە نەوتەكانی كەركووك بەڕێوەببەن، هەروەها داوایش دەكات لەسەر هەمان بابەت پرس و راوێژ لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و ئیدارەی شارەكەیشدا بكرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ نوچە، ئایدن مەعروف نوێنەری بەرەی توركمانی لە شاری هەولێر وتی “بیرە نەوتەكانی كەركووك دەبێت بە یاسا بەڕێوەببرێن، ئێستا حاڵەتێكی ئیستسنا لە عێراقدا درووست بووە، عێراق لە ناو دۆخی شەڕدایە، هێزی پێشمەرگەیش دەستی بەسەر بیرە نەوتەكانی كەركووكدا گرتووە، بۆیە ئاساییە لە حاڵەتی ئیستسنایشدا كار بە یاسای ئیستیسنا بكرێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان بە تێكڕا راوێژیان لە نێواندا درووست بێت و ئەو پرس و راوێژەیەیش هەم ئیدارەی ناوچەكە و هەم بیرە نەوتەكانیش بگرێتەوە”.
ئایدن مەعروف وتیشی “پێكهاتەی توركمانی پێكهاتەیەكی سەرەكی كەركووك و تەلەفرن و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش توركمانە، بۆیە پێویستە لەو بارەوە راوێژ لەگەڵ توركمان و ئیدارەی پارێزگای كەركووكیش بكرێت، چونكە ئەو پرسە پرسێكی گرنگە و پەیوەندی بە چارەنووسی كەركووك و ئایندەی ناوچەكەوە هەیە، پرسێكی سیاسی و یاساییە”.
ئایدن رەتی كردەوە بەرەی توركمانی دژی هەنگاوەكانی كورد بێت، بەڵام وەك ئەو وتی “لایەنێك دەیەوێت ئەمری واقیع بسەپێنێت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە راوێژیان بە هیچ پێكهاتەیەكی تر نەكردووە”، وتیشی “بەرەی توركمانی نوێنەری بەشی هەرەزۆری توركمانەكانە، دەبێت لە گفتوگۆكاندا ئەوە لەبەرچاو بگیرێت و مامەڵەی زیاتر لەگەڵ بەرەی توركماندا بكرێت، چونكە ئێمە لە یەكە ئیدارییەكانی ئەو ناوچانەدا نوێنەرمان هەیە، بۆیە ئێمە داوا دەكەین كە ئەو بیرە نەوتانە بە راوێژ لەگەڵ هەموواندا و لە رێی یاساوە بەڕێوە ببرێن”.
ئایدن مەعروف لە هەمانكاتیشدا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، وتیشی “پێویستە هەر هەنگاوێك بنێرێت بە رەزامەندی سەرەم پێكهاتەكان بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com