مەحمود سەنگاوی وەڵامێكی توندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی و سەنتەری میترۆ دەداتەوە

0

sangawiمەحمود سەنگاوی وەڵامێكی توندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی و سەنتەری میترۆ دەداتەوە

نوچە: تایبەت

مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فەرماندەی میحوەری جەلەولای هێزی پێشمەرگە، وەڵامێكی توندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی و سەنتەری میترۆ دەداتەوە و دەڵێت “هەر كەناڵێك حورمەتی پێشمەرگە و شەهیدەكان نەگرێت، رێی پێنادەم بێتە ئەم ناوچەیە”.
سەنتەری میترۆ كە تایبەتە بە داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لەسەر رێگرتنی مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحورەی گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووماڵەكانی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، داوای لە سەرۆكی هەرێم و وەزیری پێشمەرگە كرد، كە رێگە بەو فەرماندانە نەدەن كە ناوبانگی پێشمەرگە ناشیرین دەكەن، لە بەرانبەریشدا مەحود سەنگاوی وەڵامێكی توندی دانەوە و وتی “ناكرێت لە سلێمانی لەبەر سپلیت دابنیشیت و بڵێیت پێموایە وایە و وا نیە”.
لە لێدوانێكدا بۆ نوچە مەحمود سەنگاوی وتی “لە دوێنێوە سەنتەری میتری كردوویانە بە هەرا، بەڵام دوو هەزارجاری تریش هەرا درووست بكەن، من گوێیان نادەمێ‌، چونكە با سەنتەری میترۆ بێتە لای من و بپرسن بۆ رێم لە كەناڵی ئێن ئاڕتی گرتووە، من رقم لە ئێن ئاڕ تی نیە و ئەویش وەك هەموو كەناڵەكانی تر و ماڵپەڕەكانی تر و راگەیاندنەكانی تر هی ئەم وڵاتەیە، بەڵام پیشاندانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە كاتی شەڕدا قەدەغەیە، هەروەها رێ‌ بەوە نادەین بێحورمەتی بە پێشمەرگە بكرێت، چونكە داعشیش هەر ئەوەمان پێدەڵێت و هەر دەڵێت ئەوەندەیان لێكوژراوە”، وتیشی “هەقوایە ئەو كەناڵە بێت بە فەرمی زانیارییەكان وەرگرێت، نەك بچێت زانیاری لە پۆلیسێك وەربگرێت كە ئاگای لە هیچ نیە، یان لەگەڵ كەسێك قسە بكات كە رەنگە لە شەڕەكان رای كردبێت”.
دەربارەی كێشەی ئەو و كەناڵی ئێن ئاڕ تی، مەحموود سەنگاوی وتی “من كێشەم لەگەڵ كەس نیە، نە لەگەڵ كەناڵی ئێن ئاڕ تی و نە لەگەڵ هیچ راگەیاندن و سایت و رۆژنامەیەك، ئەوان بە كێشەی دەزانن، رێشیم پێداون و لە ژێر فشاریشدا نەبوون، تەنها پێموتون پێشمەرگە كوڕی خەڵكە، كە پێیانناڵێیت شەهید لێت تووڕە دەبن، كە ئیحترامی ناگریت لێت تووڕە دەبن، تۆ لێرە لە ژێر سایەی پێشمەرگەدا دەتوانیت ئەو ئازادییەت هەبێت كە قسە بكەیت، دە بڕۆ لە بەغدا قسە بكە، با رۆژنامەنووسێك بچێت لە بەغدا یان لە وڵاتانی دەوروبەر قسە بكات، بزانە لە یەكەم رۆژدا چی بەسەردێت، بۆیە هەقوایە حورمەتی پێشمەرگە و شەهیدەكان بگیرێت، حورمەتی خەڵك بگیرێت كە شەو و رۆژ لە ژێر ئەو گەرمایەدا ئاوی گەرم دەخواتەوە و هەموو شەوێكیش تەرمی كوڕی خەڵك كە شەهید دەبێت دەدات بە كۆڵیدا، هەقە رۆژنامەنووسەكان ئاگاین لەوە بێت، نەك لە سلێمانییەوە لە ژێر سپلیت دابنیشێت و پێیانوایە دونیا وایە و وا نیە، بۆیە خەڵك تووڕە مەكەن و خەڵك بێتاقەت مەكەن، كەسوكاری شەهیدەكان دێنە سەرمان و مەجبورم لەژێر فشاری كەسوكاری شەهیدەكاندا بڵێم نابێت ئەو راگەیاندنە بێتە ئەم ناوچەیە، كە بە كوڕەكانیان ناڵێت شەهید، پێشمەرگە پارێزەری كەرامەتی ئەو وڵاتەیە، پێشمەرگە لە مانگێكدا (500) هەزار دینار وەردەگرێت، شەهید دەبێت و ماڵوێرانیش دەبێت و ماڵ و منداڵەكانیشی سەرگەردان دەبن، هێشتا تۆیش ئەگەر حورمەتیان نەگریت، هەقی وایە رێگە بدەم بێیتە ئەو ناوە؟”.
سەنگاوی دەربارەی بە دەنگهاتنەكەی سەنتەری میترۆیش وتی “سەنتەری میترۆ هەتا ئێوارە شكاتیشم لێ بكەن گوێی نادەمێ‌، چەند مانگ من خۆم تەسلیمی دادگا كردبوو و ئەوانە قسەیان لەسەر كردین هەرگوێم نەدایە، لەبەر ئەوەی لە خۆم دڵنیام و پیاوێكی پاكم و لە خۆم دڵنیام كە هەڵە ناكەم، ئەو برادەرانە بە هەڵە تێگەیشتوون و هەقوایە سەنتەری میترۆ تەلەفۆنێك بۆ من بكەن و بپرسن بۆ رێ لەو كەناڵانە دەگریت، بۆ ئەوەی منیش وەڵامیان بدەمەوە و ئەگەر هەڵە بووم داوای لێبوردنیان لێبكەم، ئەگەر ئەوانیش هەڵە بوون ئەوانیش داوای لێبووردن بكەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com