وەزارەتی پێشمەرگە داواكەی ئاری هەرسین بە هەڵوێستێكی جوامێرانە ناو دەبات
نوچە: هەولێر
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، وەك یەكەم كاردنەوەی ئەو وەزارەتە، هەڵوێستەكەی ئاری هەرسین بە جوامێرانە ناو دةبات، بەڵام وەك ئەو وتی “بەخشینی پلەی سەربازی تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە”.
لە بەرابنەر داوایەكەی ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، كە لە چەند رۆژی رابردوودا داوای لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان كردبوو بۆ وازهێنان لە ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان، پلەیەكی سەربازی پێببەخشێت، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بۆ نوچە، هەڵوێستەكەی ئەو ئەندام پەرلەمانە بە جوامێرانە ناوبرد، یاوەر وتی “ئاری هەرسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە و سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەیە، ئەو هەڵوێستەی بە هەڵوێستێكی جوامێرانە دەزانین، لەبەر ئەوەی كابرا لە ئەندام پەرلەمانییەوە كە پلەیەكی باڵایە لە هەرێمی كوردستان، پێیخۆشە ببێتە پێشمەرگەیەك، ئەوە مانای ئەوەیە كە پشتگیری هێزی پێشمەرگە دەكات و دەیەوێت بەشدار بێت لە پرۆسەی بەرگری كردن لە هەرێمی كوردستان، ئێمە پێشوازی لە داخوازییەكەی دەكەین و سوپاسی دەكەین”.
فەرییق جەبار یاوەر دەربارەی رێوشوێنەكانی تایبەت بە بەخشینی پلەی سەربازی وتی ” ئێمە یاسای ژمارە (38)مان هەیە، كە تایبەتە بە راژە و خانەنشینی هێزی پێشمەرگە، لەو یاسایەشدا دەسەڵاتی پلە بەخشین دیاری كراوە، سەرۆكی هەرێم ئەو دەسەڵاتەی هەیە كە پلەی سەربازی ببەخشێت”، هەروەها وتی “ئەو یاسایە چەند بڕگەیەكی تێدایە بۆ پێدانی پلەی سەربازی، بۆ ئەوانەی كە دەرچووی زانكۆكان بن وەك كۆلێژی پزیشكی و كۆلێژی ئەندازیاری ئەوانە كاتێك كۆلێژەكانیان تەواو دەكەن و دەبنە پێشمەرگەن راستەوخۆ دەكرێنە مولازم ئەول و دوو نەجمەیان پێدەدرێت، ئەوانەیش كە دوای تەواوكردنی پۆلی (12)ی بنەڕەتی دەچێت دوو ساڵ دەخوێنێت لە كۆلێژی سەربازی، پلەی مولازمی پێدەدرێت، هەموو ئەوانە و هەندێك حاڵەتی تریش هەن، كە پلەی تێدا دەبەخشرێت هەموویان لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدان، هەتا مەرسومی پلە پێدان هەمووی لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە”.
دەقی داواكەی ئاری هەرسین، كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتی فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوە.
ئازیز و بەرێزم سەرۆکی کوردستان مەسعود بارزانی
سڵاوی گەرم…
بە ندە (ئاری محەمەد عەبدولرەحیم محەمەد) ناسراو بە بە ئاری هەرسین، داوا لە بەڕێزتان دەکەم کە پلەیەکی سەربازیم پێ ببە خشن لە ڕیزی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە یان زێڕەڤانی. لە بەرامبەردا دەستلە کار کێشانەوەی خۆم وەک ئەندام پارلەمان، دەخەمە بەردەم بە ڕێز سەرۆکی پارلەمان.
خۆ ئە گەر جەنابتان ئەم داواکاریەم قوبوڵ نەفەرمون، ئەوا بەندە لە رێی ئەم نوسراوەوە دەست لەکار کێشانەوەی خۆم لە ئەندامەتی پارلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنم و، وەک پێشمەرگە دەچمە سەنگەرەکانەوە لە شنگالەوە هەتا خانەقین.
رێزو خۆشەویستیم قوبوڵ بفەرمون…
ئاری محەمەد هەرسین
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و شەهید و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لە پارلەمانی کوردستان