سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: ئەگەر بڕیارەكانی پەرلەمان جێبەجێ نەكرێت، لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە دەكەین
نوچە: تایبەت
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمان كۆمەڵێك بڕیاری لەسەر رەوشی هێزەكانی پێشمەرگەوە داوە، ئەگەر ئەو بڕیارانەیش جێبەجێ نەبن، لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەدا دەكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ (نوچە) ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وتی “لە ماوەكانی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان چەند دانیشتنێكی كراوە و داخراوی دەربارەی رەوشی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەو هەلومەرجە نوێیەوە كرد، كە هاتونەتە پێشەوە، لە هەموو روویەكەوە راپۆرتمان هەبوو و سەردانی مەیدانیشمان كرد، هەموو ئەوكارانە بوونە بنەمایەكی گرنگ، بۆ دەركردنی چەند بڕیاێك لە بارەی رەوشی ژیان و بژێوی و چەك و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەوە و رێكخستن و یەكخستنی دەوامیان و درووخستنەوەی دەستی حیزب لە ناو ئەو هێزەدا، چاوەڕوانین ئەو بریارە بگاتە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت و جێبەجێ بكرێن، بۆیە ئەگەر ئەو بڕیار و راسپاردانە جێبەجێ نەكرێت، لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە دەكەین”.
هەروەها وتیشی “لە بەرنامەماندایە كە بانگهێشتی وەزیری پێشمەرگە بكەین، بەڵام تا ئێستا وادەیەكی دیاری كراو نیە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام لیژنەكانی پەرلەمان لە هەموو ئاستەكاندا بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان لەسەر دۆخەكە هەیە”.