ئاشتی هەورامی: دادگای ستانی تەكساس بڕیاری راگرتنی كەشتییە نەوتییەكەی هەرێمی نەداوە
نوچە: هەولێر
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دادگای ستانی تەكساس بڕیاری راگرتنی كەشتییە نەوتییەكەی هەرێمی كوردستانی نەداوە، بەڵكو عێراق داوای راگرتنی كردووە و ئێمەیش داوامان كردووە رای نەگرێت.
هەورامی ئەو وتانەی لە كاتی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی كرد، لەگەڵ بەشی كوردی رادیۆی ئەمریكا.
ئاشتی هەورامی وتی “دادگای ستانی تەكساس بڕیاری نەداوە بۆ ڕاگرتنی كەشتییەكەو ئەوەی كە بووە عێراق داوایكردووە دادگای تەكساس ئەو بڕیارە بدات، بەڵام دادگا هیچ بڕیارێكی وەهای نەداوە، ئێمەیش لەو ڕاپۆرتەی داومانە بەدادگاكە داوامانكردووە ئەو بڕیارە نەدات”.
هەورامی وتیشی “دۆسییەی نەوت بڕیارێكی سیاسی هەرێمی كوردستانە كە دەمانگەیەنێتە سەربەخۆیی ئابووری كوردستان تا جارێكی تر نەكەوینەوە ژێر سەختیەكانی بڕینی بودجەو هەڕەشەكردنو بتوانین بەداهاتی خۆمان بژین بەبێ دەستهەبوونی حكومەتی نێوەندی”.
ئاشتی هەورامی بێئومێدی خۆیشی پیشاندا لە بەرانبەر جێبەجێ كردنی دەستووری عێراق، چونكە وەك ئەو وتی “ماوەی (10) ساڵە دەستووری عێراق جێبەجێنەكراوەو لەو بڕوایەدا نیم كەسێك ئێستا بێتو دەستوور جێبەجێیبكات”.