نوچەنێت. ئاژانسەكان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا رایگەیاند، “حکوومەتی نوێی سوودان چەند هەنگاوێکی گەورەی ناوە، رازی بووە ٣٣٥ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی کردەوە توندڕەوەکان بداتە خێزانی قوربانییەکان”.
دەشڵێت، “لەگەڵ پێدانی قەرەبووەکان، دەستبەجێ سودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانانی تیرۆر دەردەکەین.”
ئەم تویتەی ترامپ عەبدوڵا حەمدۆكی سەرۆكی سودانی دڵخۆش كرد و لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەكەیدا ئەو موژدەیەی بە خەڵكی سووداندا كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ سودان و دەرگا گرنگەكانی دارایی و ئابووری لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەكرێتەوە.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە دوو سەرچاوەی ئەمەریکیەوە رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و حکوومەتی سوودان نزیک بوونەتەوە لە گەیشتن بە رێکەوتنێک لەبارەی سڕینەوەی سوودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر.
بەگوێرەی رۆیتەرز، یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکیەکان رایگەیاندووە، “رێکەوتنی دەرهێنانی ناوی سوودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆر پێویستی بە چەندین هەنگاو هەیە، یەکێک لەوانە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئیسرائیل”.
دەشڵێت، “تا ئێستا وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە کاری لەسەر دەکرێت و رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت”.
پێشتر دەستەی دەستپێشخەری سوودان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلانی تر لەسەر بنەمای پێکەوە ژیان و هاریکاریکردنە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرگیز وابەستەی رابوردوو و ئایدۆلۆژیای دابڕان نابن، هیچ رێگرییەک نییە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی جێگیرکردنی ناوی سوودان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانانی تیرۆر لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ئێران و کۆریای باکوور، چەندین سزای ئابوری نێودەوڵەتی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندرا و تائێستاش بە دۆخێکی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت.