لە بەلجیكا عێراقییه‌ك دەیەوێ‌ پەنابەرە عێراقییەكان بنێرێتەوە

0

نوچەنێت. ئاژانسەكان

 وەزیری نوێی كۆچبەرانی بەلجیكی كە بەڕەگەز عێراقییە ، بڕیاردەدات ئەو پەنابەرانەی كە لەو وڵاتەدا وەڵامی ئەرێنیان بۆ نیشتەجێبوون وەرنەگرتووە، رەوانەی وڵاتەكانیان بكرێنەوە كە لەناویاندا هەزاران پەنابەری عێراقی هەن.

دوای ئەوەی لەمانگی رابردوو حكومەتی نوێ لە وڵاتی بەلچیكا پێكهێنرا، یەكێك لەو وەزیرانەی كە پۆستی وەزارەتی كاروباری كۆچبەرانی پێدرا، كەسێكی بە رەگەز عێراقیی بەناوی (سامی مەهدی) كە كەسوكارەكەی لە ساڵی 1970 وە لەو وڵاتە دەژین و ماوەی چەند ساڵێكیشە ئەندامی پارتی دیموكراتی مەسیحی (فەلمەنكی) بەلجیكییە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەكانی بەلجیكی (سامی مەهدی) كە پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەنابەرانی وەرگرتووە، یەكەمین بڕیاری ئەوەبووە كە هەر پەنابەرێك وەڵامی ئەرێنی وەرنەگرتبێت، پێویستە بگەڕێندرێتەوە وڵاتەكەی خۆی، ئەم بڕیارەش زیاتر لە 150 هەزار پەنابەر دەگرێتەوە كە لەناویاندا زیاتر لە 100 هەزار عێراقی هەن.

ئەم بڕیارەی وەزیری ناوبراو هەرایەكی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقی  دروستكرد، بەو پێیەی كەسێكی بەرەگەز عێراقی ئەو بڕیارە لە دژی هاونیشتمانییانی خۆی دەردەكات، هەر ئەوەش وای لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی كرد بەفەرمی  قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات. بۆ ئەم مەبەستەش ئیفان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ پەنابەرێكی عێراقی بەتایبەتیش ئەوانەی وەڵامی نەرێنیان وەرگرتووە، بەزۆر بنێردرێنەوە وڵاتەكەی.

وەزیری ناوبراو لە راگەیانراوێكدا رەتكردنەوەی وەزارەتەكەی بۆ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران دووپات كردەوە و رایگەیاند كە وەزارەتەكەیان لەگەڵ گەڕانەوەیەكی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانە، نەك بە زۆر ناردنەوەیان. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بەم زووانە لەگەڵ باڵیۆزی بەلجیكا لە عێراق باس لەو دۆسییەیە دەكەن.

جێی باسە بەلجیكا تا ئێستاش یەكێك بووە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی كە كەمترین ژمارەی پەنابەرانی ناردۆتەوە وڵاتەكانیان.

بەپێی سەرژمێرییەكیش كە رێكخراوی   (Plateforme citoyenne de soutien aux réfugiés) ، بڵاویكردۆتەوە لە وڵاتی بەلجیكادا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی كە وەڵامی نەرێنیان بۆ نیشتەجێبوون لەو وڵاتە وەرگرتووە زیاتر لە 120 هەزار پەنابەر دەبن .

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com