نوچەنيَت . ئاژانسەكان
پەرلەمانتارێكی سەر بە رەوتی ئوسوڵی لە ئێران، داوا لە خامنەئی رێبەری شوڕشی ئیسلامیی ئێران دەكات، حەسەن رۆحانی سەرەككۆمار لە سێدارە بدات.
موجتەبا زو ئەلنوری پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەی ئاساییشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران لەبەرانبەر دوا هەڵوێستی سەرەككۆمارەوە لەبارەی گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا، داوا دەكات حەسەن رۆحانی لەسێدارە بدريَت.
ئەو داوایەی ناوبراو لە دوای لێدوانێكی ئەم دواییەی حەسەن رۆحانیەوە دێت كە باس لە رێككەوتن دەكات و ، رێككەوتنی نێوان ئیمام حەسەن بن عەلی لەگەڵ خەلیفە معاویەی كوڕی سوفیانی وەك نموونەیەك هێناوەتەوە و دەڵێ ” پێویستە گفتوگۆ و رێككەوتن لەكاتی هەستیاردا بكرێت”.
پەرلەمانتاری ناوبراو ئەو قسانەی لە لاپەرەی تویتەرەكەیەوە بڵاوكردۆتەوەو رووی لە رۆحانى كردووەو دەڵێ “ئەگەر دەتەوێ بەو پاساوە گفتوگۆ لەگەڵ دوژمن بكەیت، ئەوا دڵنیات دەكەمەوە كە زۆرینەی ئێرانییەكان لەدژت دەوەستن و داوای دەستلەكاركێشانەوەو سزادانت دەكەن”.
دەشڵێ” لەسەر ئەو جۆرە بیركردنەوەیەت پێویستە رابەری باڵای ئێران بڕیاری هەزارجار لەسێدارەدانت دەربكات”.