لە كاتێكدا تەنها سكرتێری یەكێتییە، تاڵەبانی پەیامێكی عێراقیانە بڵاو دەكاتەوە
نوچە: هەولێر
جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، پەیامەكەی پەیامێكی عێراقیانەیە و بەو نەفەسی پێشوویەوە نووسراوە كە سەرۆك كۆماری عێراق بووە.
تاَەبانی لە پەیامەكەیدا خەمخۆری پێوە دیارە بۆ عێراق و داوا لەسەرجەم لایەنەكانیش دەكات، كە لە پێناو عێراقدا بەرژەوەندییەكانیان واز لێبهێنن.
لە پەیامەكەیدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكات و هیواخوازە بگەن بە سیستەمێكی دیموكراسی و پەرلەمانی، لە چوارچێوەی عێراقدا.
پەیامەكەی تاڵەبانی لە كاتێكدایە، كە ئەو لە پۆستی سەرۆك كۆماریدا نەماوەتەوە و تەنها سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە.
دەقی پەیامەكەی تاڵەبانی
بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە خۆشحاڵم كە پیرۆزبایی خۆم پێشكەش بە سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی عیراق بكەم، بەسەرجەم چینو توێژەكانیەوەو، داوا لە خوای گەورەو میهرەبان دەكەین كە رۆژووی هەموو لایەك قبوڵ بكاتو ئومێد دەكەین هاووڵاتیانی عیراقی خۆشەویست ئەم دۆخە ناخۆشو نائارامە بەو پەڕی ئیمانەوە تێپەڕێننو پارێزگاری لە یەكڕیزی میللەتەمانو ئەزموونە دیموكراسییەكەی بكەن، درێژەبدەن بە رێگای بنیاتنانی عیراقێكی دیموكراتی ئازادو یەكڕیزو ئارام.
لەم بۆنە پیرۆزەدا بە هەلی دەزانم كە پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی كوردستان بكەمو هیوای ژیانێكی پڕ ئاسایشو پێشكەتنو شكۆمەندو ژیانێكی یەكڕیزو یەكگرتوو برایەتیو هاوخەباتیان بۆ دەخوازم، بۆ هەوڵدان بەگەیشتن بەسیستمێكی دیموكراسیو پەرلەمانی لە چوارچێوەی دەستوری عیراق كە هاووڵاتیانی كوردستان پەسەندیان كردووەو قوربانی زۆریانداوە لە پێناوی دیموكراسیو ئازادیدا.
هەربەم بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشكو برایانو هاوڕێیانم لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكانی وڵاتو بەرپرسە دڵسۆزەكانی عیراق دەكەمو پاڵپشتیانم بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی سەركەوتوو پاڵپشت بە دەستوری عیراقو، دەستەكانیان بەتوندی دەگوشمو دوعای خێریان بۆ دەكەم بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە سەرخستنی ئامانجەكان لە پێناو پێكهێنانی حكومەت، هیوام وایە ئەو بارودۆخە نائارامەی ئێستا عیراقی پێدا تێپەڕدەبێت، بەهەند وەرگرنو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی عیراق بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبیو تائیفیەكانیانەوەو، سەرجەم ناكۆكییەكان تێپەڕێننو ریزەكان یەكبخەن یەك دەنگ بن لە بەرامبەر ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی رووبەڕوی وڵات دەبنەوە، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی ئەزموونی دیموكراسی كە لە عیراقی نوێدا بەدی هاتوون.
داوا لە خوای گەورەو میهرەبان دەكەم كە بتان پارێزێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی عیراق كە بە ئارام گرتنێكی زۆرەوە لە پێناو ئەم وڵاتەدا ئازار دەچێژن.
هیوام وایە هەموولایەك جەژنێكی خۆش بەسەربەرن.. هەموو ساڵێك بەخۆشی.
برای دڵسۆزتان
مام جەلال
