نوچه‌نێت
پێشتر هه‌واڵگریى رووسیا ئاشكراى كرد، توركیا هه‌ندێك گرووپى چه‌كدارى كوردى له سووریاوه له‌گه‌ڵ به‌كرێگیراوه‌كانى تر ره‌وانه‌ى ئازه‌ربایجان كردووه، بۆئه‌وه‌ى شه‌ڕى قه‌ره‌باخ بكه‌ن. كه‌چى دوێنێ توركیا ده‌ڵێ چه‌كدارانى په‌كه‌كه له ئه‌رمینیان و له‌دژى ئازه‌ره‌كان ده‌جه‌نگن.
له مانگى رابردوودا شه‌ڕى قه‌ره‌باخ له‌نێوان ئازه‌ربایجان وئه‌رمینیا هه‌ڵگیرساوه. هه‌رچه‌نده ئه‌و ململانێیه مێژووییه‌كى كۆنى له هه‌رێمه‌كه هه‌یه، به‌ڵام به‌گوێره‌ى راپۆرت و لێدوانى به‌رپرسانى رووسیا و توركیا ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌م دوو وڵاته‌یش ده‌ست ده‌خه‌نه شه‌ڕه‌كه‌وه.
رووسیا له دژى توركیا هاوكاریى ئهرمنهكان ده‌كات و له‌به‌رانبه‌ردا توركیا هاوكاریى ئازه‌ره‌كان ده‌كات.
ئه‌م دوو وڵاته كه چه‌ند ساڵێكه ململانێیهكیان له سووریا هه‌یه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ململانێى خۆیان له شه‌ڕى قه‌ره‌باخیش دووباره بكه‌نه‌وه، به هه‌مان شێوه‌ى سووریا ده‌یانه‌وێ كه‌م یان زۆر كوردیش به‌شێك بێت له شه‌ڕه‌كه.
له حه‌وتى ئه‌م مانگه سێرگى ناریشكین سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگریى رووسیا ئاشكراى كرد، توركیا هێزێكى زۆرى له سووریاوه ناردووه‌ته ئازه‌ربایجان، كه چه‌ته و به‌كرێگیراوه‌كانى خۆیه‌تى. له نێو ئه‌و هێزانه‌وه چه‌ند گرووپێكى كوردى هه‌یه.
به‌رپرسى هه‌واڵگریى رووسیا ناوى هیچ یه‌كێك له‌و گرووپانه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه، كه گوایه له‌لایه‌ن توركیاوه ره‌وانه‌ى ئازه‌ربایجان كراون.
له‌به‌رامبه‌ردا توركیا هه‌مان دوێنێ له‌سه‌ر زارى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگریى هه‌مان هه‌وڵى داوه كه به ڕووییهكى تر كورد بخاته ناو شه‌ڕى قه‌ره‌باخه‌وه.
نادیده شه‌بنم ئاكتووب گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گوتى، چه‌ندان چه‌كدارى په‌كه‌كه و په‌یه‌ده له ئه‌رمینیان و شه‌ڕى ئازه‌ره‌كان ده‌كه‌ن.
تا ئێستا جگه له‌م دوو وڵاته هیچ وڵاتێكى بێلایه‌ن باسى له‌وه نه‌كردووه، هێزه كوردییه‌كان تا چه‌ند له‌م شه‌ڕه‌دا به‌شدارن.