نوچه‌نێت
سه‌رچاوه رووسییه‌كان ده‌ڵێن دوێنێ توركیا به سه‌ركه‌وتوویى سیسته‌مى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس-400ى تاقی كردووه‌ته‌وه، وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مریكایش به توندیى ناڕه‌زایى ده‌ربڕیوه و داواى وه‌ستاندنى ئه‌م سیسته‌مه ده‌كات.
ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى له هه‌واڵێكدا ده‌ڵێ، سه‌رچاوه رووسییه‌كان ئاشكرایان كردووه، دوێنێ هێزه‌كانى توركیا سێ مووشه‌كیان له‌سه‌ر ده‌ریاى ره‌ش تاقیكردووه‌ته‌وه كه به سیسته‌مى ئێس- 400 ته‌قێنراون.
ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایى له لایه‌ن ئه‌مریكاوه دروست كردووه، بۆیه جۆناسان هۆفمان گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌مریكا له لێدوانێكى بۆ ئاژانسى تاس گوتوویه‌تى، “هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كى قووڵ ده‌كه‌ین له‌و راپۆرتانه‌ى كه باس له تاقیكردنه‌وه‌ى ئێس- 400 ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن توركیاوه، نابێ ئه‌م سیسته‌مه بخرێته كاره‌وه”.
توركیا له هاوینى 2019 سیسته‌مى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس- 400 له رووسیاوه وه‌رگرت، بهكڕینى ئه‌م مووشه‌كه گرژییه‌كى زۆر له‌نێوان ئه‌مریكا و توركیا دروست بووه، چونكه توركیا ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى باكوورى ئه‌تڵه‌سى “ناتۆ”یه و بۆی نییه چه‌كى رووسى بكڕێت.