نوچه‌نێت
رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى راپۆرتى له‌سه‌ر كاریگه‌ريى په‌تاى كۆرۆنا له ململانێیه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان ده‌ریخستووه، به پێچه‌وانه‌ى زۆربه‌ى وڵاتان په‌تاكه له عێراق هه‌لى هه‌ڕه‌شه و ململانێیه چه‌كدارییه‌كانى زیاد كردووه.
راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى “واشنتن پۆست” رۆشنایى ده‌خاته سه‌ر كاریگه‌ریى په‌تاى كۆرۆنا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى رێكخراوى تیرۆریستى داعش و زیادبوونى ململانێیه چه‌كدارییه‌كانى تر له چه‌ند وڵاتێكى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.
رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه زانیارییه‌كانى له پرۆژه‌ى زانیارى پێگه‌ى ململانێیه چه‌كدارییه‌كان وه‌رگرتووه، كه داتابهیسێكه زانیارى ململانێى رۆژانه له 100 وڵات تۆمار ده‌كات.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان ده‌ركه‌وتووه، بارودۆخى عێراق له دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا زياتر بووه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش هه‌یه.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ده‌ڵێ عێراق به ده‌ست شڵه‌ژانى ئابوورى و مه‌ترسییه ته‌ندروستییه‌كانى په‌تاكه ده‌ناڵێنێ، ئه‌مه‌یش وایكردووه یه‌ك له سێى وڵاته‌كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ژاریى بن.
دواى باسكردنى عێراق راپۆرته‌كه باس له وڵاتانى تر ده‌كات و ده‌ڵێ، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌نێوان په‌تاكه و ململانێیه چه‌كدارییه‌كانى له عێراق هه‌یه، له وڵاتانى تر نییه چونكه له مانگى ئاداره‌وه تا مانگى ئاب توندوتژییه‌كان به رێژه‌ى 23% كه‌مى كردووه.