بارزانی سەردانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات
نوچە: كەركوك
بە گوێرەی راگەیاندراوێك كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم كوردستان، یەكەم رۆژی جەژن هێزەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری كەركووك بەسەر كردۆتەوە.
دهقی راگهیهندراوهكه:
سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری كەركووك بەسەر كردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی 7ـی 2014 لە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی لە میحوەری كەركووك بەسەر كردەوە.
لە بەشێكی ئەم سەردانە مەیدانییەدا سەرۆك بارزانی سەردانی یەكێك لە بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی دوبز كرد و لە لایەن ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسیی باڵای كوردستان كە پێكهاتبوون لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و حەمەی حاجی مەحموود بەرپرسی میحوەری كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و هەروەها ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندە و ئەفسەری سەربازی پێشوازی لێ كرا و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەرەتا وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكی كورتدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە هێزەكانی پێشمەرگە زۆر بە باشی خۆیان ڕێكخستووە و قارەمانانە ئامادەی بەرگریكردنن لە كوردستان.
دواتر سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا ڕایگەیاند كە بە ئەركی خۆم زانیوە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا سەردانتان بكەم و سوپاستان بكەم و لەجیاتی هەموو خەڵكی كوردستان جەژنەپیرۆزەتان لێ بكەم.
سەرۆك بارزانی باسی ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە ئێستا مێژوو دروست دەكات و ئاییندەیش بۆ گەلەكەی بنیات دەنێت و ئەوەیش شەرفێكی گەورەیە و گوتی: ” ئێوە خۆتان فیدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی و سەربەستی بژیێت”.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی ماندووبوون و قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە ئەو زەحمەت و قارەمانییەتییە وادەكات نەوەكانی داهاتوو بە ئازادی و سەربەستی بژیین و ڕایگەیاند كە پێشمەرگە ئامادەیە لەپێناو دۆزێكی ڕەوادا ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە و ئەوە شكست و فەشەلهێنانە بە هەموو هەوڵێك كە پێیوایە كورد بڕوای بەخۆی نییە.
ئەركی پێشمەرگە ئەركێكی پیرۆزە و گەلی كوردستانیش گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و سەركەوتنی یەكجارەكیش نزیكە.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە حەزی دەكرد سەردانی هەموو میحوەرەكان و سەنگەر بە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەی كردبا و دووپاتی ئەوەیشی كردەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی پێشمەرگەن و ئەوەی لە توانایان بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیكەن.
هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە سەرۆك بارزانیان لە دۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بارودۆخ و گوزەرانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری كەركووك ئاگادار كردەوە.
[youtube id=”SrHoQGe4c5Y” width=”823″ height=”556″][youtube id=”SrHoQGe4c5Y” width=”823″ height=”556″]