هەناردەكردنی نەوتی هەرێم راگیرا و ئەمریكاش پاڵپشتی كورد دەكات
لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان،هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی بۆ بەندەری جیهانی توركی راگەیاند و دەشڵێن تا دوای جەژن بەردەوام دەبێت، هەروەها رایشی گەیاند، كە دەنگێكی زۆر لە ناو كۆنگرێسی ئەمریكیدا هەیە، كە پاڵپشتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
دڵشاد شەعبان جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، كە دوو سێ رۆژ دەبێ ھەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھانی تورکی راگیراوە.
لەبارەی ھۆکاری راگرتنی نەوتی ھەرێمیشەوە دوو ھۆکاری وەک پاساو ھێناوەتەوە و توتوویەتی “پاش بوونی داخوازی لەسەر نەوتی ھەرێمی کوردستان و بۆ رێکخستنەوەی زیاتری کاری فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە کۆمپانیا بیانییەکان و ھەروەھا بەھۆی پڕبوونی ئەمبارە نەوتییەکانی ھەرێم لە بەندەری جەیھان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێم بریاری راگرتنی نەوتی ھەرێمی داوە و پێدەچێ تا پاش جەژنیش راگرتنەکە درێژە بکێشێ”.
شەعبان ئاماژەی بهوهش کردووە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێم دەیەوێ لە رێکخستنەوەی سیاسەتی ھەناردەکردندا بڕی فرۆشتنی زیاتر بکا بۆیە ئەوەش پێویستی کردووە ئامادەکاریی زیاتر بکرێ.
جێگری سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پهرلهمانی كوردستان لەبارەی دواین ھەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی ھەرێم بۆ دەرەوە، نەیشاردەوە كه گۆڕانکاریی بەسهر سیاسەت و تێڕوانینەکانی ئەو وڵاتە زلھێزە ھاتووە کە تا ماوەیەکی نزیک دژی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بوو بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.
دڵشاد شەعبان لەوبارەیەوە وتوویەتی “لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگێکی زۆر ھەیە کە دژی سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمریکان لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدان كه ئیدارەکەی ئۆباما سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بگۆڕێ، بەتایبەت بیانوویان بۆ ئەو پاڵشتیکردنەیان بۆ سیاسەتی نەوتی ھەرێم، بڕینی موچە و بودجەی ھەرێمی کوردستانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. ئێستا ئێدارەکەی سەرۆک باراک ئۆباما لەژێر فشارێکی زۆری کۆنگرێسدایە بۆ گۆڕینی سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە نەوتی ھەرێم و زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس پاڵپشتی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەکەن”.
رونیشیکردەوە كه رەخنەکانی دوێنێی حکومەتی ئەمریکا لە بڕینی بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی عێراق و لهنگهرگرتنی کەشتییەکی بارھەڵگری نەوت لە کەنارەکانی ئەمریکا، ئەو قسانەی پشتڕاست دەکەنەوە.
ھاوکات پێشبینی ئهوهشی كرد کە حکومەتی ئەمریکا چیتر دژایەتیی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە دەرەوە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا نەکات، دیارترین پاساویشی بڕینی بودجەی ھەرێم دەبێ.
لە ئێستادا بەپێی زانیارییەکان رۆژانە ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیھانی تورکی کرێ، حکومەتی ھەرێم رایگەیاندووە لەکۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە دەگاتە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ئهو رێژهیه بۆ یەک ملیۆن بەرمیل بەرز دەبێتەوە.
