رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى له وتارێكدا ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا باڵوێزخانه‌كه‌ى له عێراق دابخات، ئه‌وا چه‌ندان رووداوى چاوه‌ڕواننه‌كراو رووده‌ده‌ن و ئه‌و كاته ئه‌مریكایش هێرش ده‌كاته سه‌ر ته‌واوى میلیشیاكانى شیعه له عێراق.
د‌یڤید ئه‌گناتیۆس نووسه‌رى به‌ناوبانگى ئه‌مریكى له وتارێكدا كه له رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، پێشبینى ئه‌وه‌ى كردووه له چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا رووداوى گه‌وره له عێراق بدات.
ئه‌گناتیۆس له‌سه‌ر ئه‌و په‌یامه ده‌وه‌ستێ كه مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به عێراقى داوه و گوتوویه‌تى، ئه‌گه‌ر عێراق هێرشى میلیشیاكان چاره‌سه‌ر نه‌كات ئه‌وا له‌وانه‌یه سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ باڵوێزخانه‌كه له عێراق دابخات.
نووسه‌ر ده‌ڵێ، له‌وانه‌یه دواى كشانه‌وه‌ى باڵوێزخانه‌كه ئه‌مریكا راسته‌وخۆ هێرش بكاته سه‌ر ئه‌و میلیشیانه‌ى كه زیان له به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یش روونه‌دات، ئه‌وا مسته‌فا كازمى ده‌بێت رووبه‌ڕووى هێرشه‌كان ببێته‌وه، به‌رپرسێكى ئه‌مریكى كه ناوى ئاشكرا نه‌كردووه گوتوویه‌تى، “كازمى ده‌یه‌وێ شتێكى دروست بكات، به‌ڵام ده‌بێ زیاتر په‌له بكات”.
نووسه‌رى واشنتن پۆست باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر كازمییش هێرش بكاته سه‌ر میلیشیاكان ئه‌وا بارودۆخه‌كه خراپتر ده‌بێت، چونكه ئێران به توندى وه‌ڵامى ده‌داته‌وه و ئه‌وكاته‌یش حكوومه‌ته نوێیه‌كه‌ى عێراق رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوون ده‌بێته‌وه.