هێرشی یەكێتی بۆ سەر دكتۆر بەرهەم دەستی پێكرد
نوچە: سلێمانی
ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە نووسینێكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردۆتەوە، هێرش دەكاتە سەر دكتۆر بەرهەم پێیدەڵێت، لە غیابی مام جەلالدا، نە كوڕ و نە خوێندكاری مام جەلال بووی، هەروەها پێیدەڵێت، لە كاتێكی هەستیاردا یەكێتیت بەجێهێشت.
دەقی نووسینەكەی ئاڵا تاڵەبانی
قسەو باس و سیناریۆی زۆر سەیر لە سەر چۆنیەتی یەكلایكردنەوەی كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆمار باس كراو باس دەكرێ . زۆریان دوورن لە ڕاستی و هیوادارم مەبەست لێ یان چەواشەكردنی خەڵكی ئێمەو تێكدانی ئەو هاو هەڵوێستیەی كورد نەبێت كە هەموو ئومێدی زۆرمان لەسەر تەبەننا كردووە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە منەوە هەیە وەكو ئەندامێكی سەركردایەتی كە مەكتەبی سیاسی یەكەمان یەك پرس و ڕای پێنەكردین و وەكو ئەندامێكی پەرلەمان كە لە نزیكەوە لە ناو پڕۆسەی یەكلای كردنەوەكە بووم ،پێم باشە هەندێ خاڵ باس بكەم :
سەرەتا بۆشاییەك لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بەدی ئەكرێ كە كێ بەرپرسیارە یاخود كێ مافی كاندید كردنی هەر هەڤاڵێكی ناو یەكێتی هەیە لە هەر پلەیەك بێت بۆ پۆستی باڵا . سەرۆك كۆمار بێت یا سەرۆك وەزیر یا وەزیر…هتد .
چونكە من تائێستا لە غەیری تەزكیەیی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی خۆیان ئاگاداری میكانیزمی تر نیم ، و ئەگەر وایە بۆچی كاك د.نجم الدین پاڵپشتی زۆر ئەندامی (م.س ) ی هەبوو ناوی نەخرایە ناو كاندیدەكان و ئەگەر بەداوای فەرمیش بێت ئەوە جەنابی د.نجم الدین لە ڕۆژی ٢٠١٤/٧/٨ بە نامەیەكی ڕەسمی داوای ڕەزامەندی مەكتەبی سیاسی ئەكات بۆ كاندید بوونی و ئامادەیی هەموو پرسیارێكیانە (وێنەیەكی ئەو نامەیە كە بە ئیمەیڵ ناردراوە لامان هەیە) . باشە ئەپرسم بۆ مەكتەبی سیاسی نەك هەر وەڵامیان نەداوە بەڵكو بانگ نەكرا تاڕاستەوخۆ هه رچیان هەیە ڕازین یاخود نا لەگەڵی باس بكەن . بە چی پەیڕەوێك دوورخرایەوە ؟ لە كاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق و بە پێ ی دەستور هەموو عێراقیەك مافی خۆ پاڵاوتنی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەگەر مەرجە دەستوریەكانی تیابێت ، وە قبوڵ كردن و ڕەتكردنەوەشی دەبێ بە شێوەكی فەرمی و بە هۆكار بێت . بۆیە نازانین هەردوو بەڕێزان جەنابی د.بەرهەم و د.فواد بە چی میكانیزمێك چوونە منافەسەوە .تزكیە بوو یان نوسراوی فەرمی ؟!!
پرسیار لە هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی بەڕێز ئەكەم ، كە مەكتەبی سیاسی ئەم پرسەی بۆ یەكلانەكرایەوە و نەیتوانی یەك كاندید دیاری بكات بۆ ڕای ئەنجومەنی سەركردایەتی وەرنەگیرا.. بەیاننامەكەی (هەندێ ئەندامی مەكتەبی سیاسی ) كە دەڵێ تەنها ئەوان بەرپرسن لەم پڕۆسەیە و (بەس) ، بەكارهێنانی ووشەی (بەس) گەورەترین خروقاتی پەیڕەوی ناوخۆیە ، باشە ئەكرا پرسەكە بهاتایە ناو ئەنجومەنی ناوەند چونكە ئێوەش پەرلەمانی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی یەكێتین . بۆیە كە مەكتەبی سیاسی ئەم پڕۆسەی مەشلولی و بەم شێوەیە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد بە دوو كاندید و لەولاشەوە كاك د.نجم الدین كاندید بوو . بە ڕاستی بۆ ئێمەی یەكیتی یەكان ئەمە هۆی ئیحراجیەكی زۆر بوو لە بەردەم دۆست و نەیارەكانمان . بۆیە هەموو پەرلەمانتارە یەكیتییەكان بە پەرۆشەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیوك بووین لەو ماوە زۆر كەمەی لە بەردەممان مابوو .
شەوی ٧/٢٢ پەرلەمانتارانی لیستەكانی تری كورد ئەم سێ خاڵەیان خستە بەردەممان و داوایان لێكردین :-
١- ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكێتی یەك كاندید یەكلابكەینەوە.
٢-لە ناو سەرجەم فراكسیۆنە كوردیەكان یەكلابكرێتەوە .
٣-ئەگەر ئەو دوو خاڵە سەری نەگرت ئەوا ئێمە واتا ( چوار لایەنەكەی تر پارتی ،گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ ) ئەم پرسە بۆ ئێوە یەكلا ئەكەینەوە .
سەر لە بەیانی ٢٠١٤/٧/٢٣ سەعات (١٠) كۆبونەوەی سەرۆكایەتی پەرلامان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە سیاسیەكانی پەرلەمان ئەنجام درا من و جەنابی د.نجم الدین وەكو یەكێتی ئامادە بووین ، هەموو كوتلەكانی پەرلەمان هەمان داوای كوردیان لێكردین كە تكایە هەوڵ بدەن بەیەك كاندید بێنە ناو هەڵبژاردن چونكە ٢ یا ٣ كاندید دەنگەكانی ئێمەش لە ناو كوتلەكانمان دابەش كردووە . هەر بۆیەوەكو فراكسیۆنە كوردیەكان داوای مۆڵەتی (٢٤) سەعاتمان كرد یەكلایكردنەوە .
ئەو (٢٤) كاتژمێرە بۆ هەموو یەكێتیەكان زۆر مایەی دڵ ڕاوكێ و ناڕەحەتی و لە هەمان كات ئەركێكی قورس بوو كۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام داو بە تێكڕایدەنگ بڕیارمان دا كە ئێمە لە ناو خۆمان وەكو فڕاكسیۆنی یەكێتی بەم كارە هەستین سوپاسی د.فواد و د. نجم الدین ئەكەین كە ڕازی بوون ئەم ئەركە بە ئێمە بسپێرن ، بەڵام بە داخەوە جەنابی د.بەرهەم بە هیچ شێوەیەك متمانەی خۆی بە ئێمە نەدا ڕازی نەبوو لە ناو كوتلەی یەكێتی ئەم كارە ئەنجام بدەین . زۆر پاڕاینەوە و ڕجامان كرد كە یەكێتی و خوێنی شەهیدانتان لە خۆتان و پۆست خۆشەویست تر بێ . داوامان كرد بكشێینەوە و بامرشحی (تسویە) واتا د.فواد تاكەكاندید بێت . بە داخەوە بەوەش ڕازی نەبوو سوربوو كە ئەم پڕۆسەیە لە ناو هەموو كوتلە كوردییەكان یەكلابكرێتەوە . دواجا پەنامان بردە بەر دەستەی كارگێڕی بەڵام كاك مەلا بەختیاریش ڕازی نەبوو و سوربوو كە پڕۆسەكە لە ناو هەموو كەتلە كوردیەكان یەكلابكرێتەوە .
پاشان كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی كاك بەختیار و جەنابی د.ڕۆژ ئەنجام درا ، هەرچەندە ئامادەبووانیكۆبوونەوەكە ڕای جیاوازیان هەبوو لە سەر پرسی یەكلاكردنەوە . بەڵام لە كۆنگرەكەو دواتریش لە پەیوەندی تەلەفۆنی هەردوو بەڕێزان كاك كۆسرەت و د.بەرهەم پێیان ڕاگەیاندم كە ئەوە دوا بڕیاری مەكتەبی سیاسیە و دەبێ ئەم شەو جێ بەجێ بكرێ پرسەكە ببەنە ناو فڕاكسیۆنە كوردیەكان ، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانتان زانی چۆن بوو ، ئەوەی ماوە بیڵێم بۆ مێژوو ٣ خاڵە .
١- جەنابی د.بەرهەم لە دوا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵم كە هەڤاڵانی تر یەكێتی گوێ بیستی بوون ووتی من لەناو فراكسیۆنی یەكێتی ١٢ دەنگم هەیە لە ١٩ ئامادە بوو . بەڵام نازانم بۆ سوربوو پڕۆسەكە لە ناو هەموو فراكسیۆنه كوردیەكان بكرێ؟
٢-هەردوو هەڤاڵی جوامێر كاك د.فواد معصوم و كاك د.بەرهەم پێش پڕۆسەی دەنگدان لە بەردەم هەموو پەرلەمانتارانی كورد بەڵێنیان دا ڕێز لە ئەنجامی دەنگدانەكە بگرن و هاوكاریی یەكتر بن .
٣-جەنابی كاك د.بەرهەم زۆر تەمەننام ئەكرد خۆی كشاندباوە ، بەڵام جوامێرانە بەڵێنی بە هەڤاڵانی یەكێتی داوە گەر دەنگیش نەهێنێ ئەو هەر هەڤاڵ و براگەورە و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی یەو دەست لە یەكێتی هەڵناگرێ .
هەڤاڵانی یەكێتی ….
مافی خۆتانە هەرچی بڵێن و نیگەران بن لە هەڵنەبژاردنی جەنابی د.بەرهەم .بەڵام وەكو یەكێتیەك ، ئەڵێم ، یەكێتی غەدری لە د.بەرهەم نەكردووە ، لەو ڕۆژەی لە ناو یەكێتی یە چی لە دەرەوە و چی لە كوردستان و لە عێراقیش پۆست و پلە و پایەی پێدراوە ( كە دیارە هەقی خۆی و لەبەر لێهاتوویی بووە ) . تادواجار لە كۆنگرە لە سەر داوای جەنابی مام جلال بە بێ هەلبژاردن و بە چەپڵەڕێزان هەرهەموومان بە جێگری سكرتێری گشتی قبووڵمان بوو، ئێستاش پێویستمان پێیەتی و یەكێتی بە دكتۆرەوە جوانە . بەڵام من دوو گلەیم لە جەنابی د.بەرهەم هەیە ، جەنابیان دوو جار غەدریان لە یەكێتی و لە خۆشیان كرد ، كاتێك دوای شكستی هەڵبژاردنەكانی ٩/٢١ دەستی كێ بەرداین و چووە ماڵەوە . لەو كات هەستیارو تەنگانەی ناو یەكێتی بە جێ ی هێشتین ، لە غیابی مام جلال نە كوڕو نه خوێندكارەكەی مام بوو . قەڵەمەكانی دەروێشی ڕۆژانە ماڵە ناسك و بریندارەكەی یەكێتیان بەردباران ئەكرد و وورەی جەماوەرەكەیان ئەڕوخاند . دووەم جاریش هەر پێرێ بوو لە بەغدا كە جەنابی بە هیچ شێوەیەك ڕازی نەبوو پرسی سەرۆك كۆمار لە ناو ماڵی یەكێتی یەكلایی بكرێتەوە . بۆ ئەمە زۆر بێ منەتیە لە دەنگەكانمان لە پشتیوانی و چەپڵكانی ناو كۆنگرەمان ، سەركەوتوبێ یەكێتی.
ئاڵا تاڵەبانی