عەممار حەكیم سەرۆكى رەوتى حیكمە ئەمڕۆ رایگەیاند پێشنیار دەكات لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق دوو لیست هەبێت و نەوەك لیستێكى زۆر كە دەنگى خەڵك پەرتەوازە دەكات.
ئەمڕۆ لە عێراق كۆنگرەى ئیسلامى بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى ژنان بەڕێوەچوو، هەر سێ سەرۆكایەتییەكەى عێراق لە كۆنگرەكە ئامادە بوون.
سێ بەرپرسى عێراقى لەوانە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارى عێراق و محەمەد حەلبووسى سەرۆكى پەرلەمان و عەممار حەكیم لە وتارەكانیان لە كۆنگرەكە، پاڵپشتى خۆیان بۆ چەندان دۆسیە دەربڕى كە لەلایەن مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانەوە پێشنیاز كراوە. لەوانە هەڵبژاردنى پێشوەختە لە وادەى خۆى، چەكداماڵین.
ئەوەى جێى سەرنج بوو پێشنیارەكەى عەممار حەكیم بوو كە داوا دەكات تەواوى لایەنە عێراقییەكان بە دوو لە سەرانسەرى عێرا قبە دوو لیست بەشدارى هەڵبژاردنەكە بكەن. یەكێك بە ناوى لایەنگران و دووەم بە ناوى ئۆپۆزسیۆن.
حكیم زیاتر مەبەستەكەى روون نەكردووەتەوە و تەنیا ئەوە نەبێ دەڵێ، بوونى لیستى زۆر دەنگى هاووڵاتییان پەرتەوازە دەكات و سوودێكى ئەوتۆیشى نابێت.