نوچە: رووداو
دوای ئەوەی راگەیەندرا شەوی رابردوو لەنێو باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا چەند چەکدارێکی دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر ماڵێکی کورد و دایک و باوک و کچێکیان دەکوژن. دادپزیشکی بەغدا، دەڵێت، کچە پزیشکەکە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و دەست و قاچیشی بڕاونەتەوە.
ئەم خێزانە هەر لەو سێ کەسە پێکهاتبوون و کچەکەیان تاقانەبووە. بڕیاریشە تەرمی هەرسێکیان بگەڕێندرێتەوە سلێمانی و لەوێ بەخاکبسپێردرێن.
شیلان دارا، ناوی کچە پزیشکەکەیە و دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی بەغدایە. لە ساڵی 2016ـەوە دانیشتووی مەنسووری بەغدایە. دەرمانسازبوو لە شاری پزیشکیی بەغدا لە بەشی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان. وەک سەرچاوە ئەمنییەکانیش ئاماژەیان پێداوە ئەوانەی چوونەتە سەر ئەو ماڵە و ئەو کردەوەیان کردووە دز بوون.
لە بەردەم ماڵی ئەو خێزانە کوردەی کە لە بەغدا سەربڕدران، لە بەغدا کە رووداوەکە کاتژمێر 11:00ی شەوی رابردوو روویداوە. ئەوانەیشی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکە بەناوی هێزی ئەمنی چووەتەسەر ماڵەکە و دواتر هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتوون.
بەگوتەی پزیشکی داد کە توێکاریی بۆ تەرمەکان کردووە دەرکەوتووە کە کچە پزیشکەکە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و دەست و قاچیشیان بڕیوە و باوکەکەش سەری لە جەستەی جیاکراوەتەوە و دایکەکەش بەچەقۆ و بەشێوازێکی دڕندانە کوژراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێک لەسەر تۆمەتبارەکان نەکەوتووەتە دەست هێزە ئەمنییەکان و هیچ کەسێکیش لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە. پەیامنێری رووداو دەشڵێت: ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکە بۆ دزیکردن چوون و دواتر ئەم رووداوەی لێکەوتووەتەوە.
رووداوەکە لە ناوچەی مەنسووری رۆژئاوای بەغدا روویداوە و خێزانەکە لەنێو شوقەیەک ژیاون، لە نزیک ئەو شوێنەش باڵیۆزخانەی رووسیا هەیە. بە گوتەی پەیامنێری رووداو، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هیچ رووداوێکی هاوشێوە یان کوشتن لەو شوێنە رووینەداوە و شوێنەکەش بە ناوچەیەکی ئارام لە بەغدا ناسراوە.