دوایین زانیارییەکان لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا

0

نوچە

گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێز کراوە و هاوکات رێککەوتن کراوە، کە لە داهاتوودا و لە رێککەوتنی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 رووندەبێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە و هەینی رابردوو 10 و 11ی ئەم مانگە، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. رۆژی یەکەم لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری کۆبووەوە

هەروەها دواتریش سەردانی دهۆکی کرد بۆ بەسەرکردنەوەی کامپێکی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی و دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل. رۆژی دووەمیش سەردانی سلێمانی و هەڵەبجەی کرد و چووە دەروازەی سنووری باشماخ، دواتریش میوانی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بوو لە مێرگەپان، هەر لەوێ چاوی بە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی کەوت.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 15-9-2020، لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆییدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەردانی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەردان و بەسەرکردنەوەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگ بوون، چەندین دیدار و کۆبوونەوە کران لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان، باسی هەموو پرسە هەڵپەسپێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا بە درێژایی ساڵانی رابردوو. لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەهێزکرا، کە ئەمەش لە رێگەی سەردانی دوولایەنە و هاتن و چوونی شاندی نێوان هەردوولا لە بەغدا و هەولێر کراوە، ئەم لێکتێگەیشتنە بەهێزکرا”.

ئەحمەد مەلا تەڵال لەبارەی کۆبوونەوەکانی کازمی لە هەرێمی کوردستان گوتی “جەختکرایەوە لە رێککەوتن کە بەم دواییانە لەنێوان بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم کراوە، هاوکات رێککەوتن کراوە، کە هەوڵبدرێت ئەو رێککەوتنە لە بودجەی 2021 زەمینەی بۆ بڕەخسێت و بەهێزبکرێت و مافە دەستوورییەکانی حکومەتی فیدرالی جێگیربکرێت تایبەت بە دەروازەکان و نەوت و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی ژمارەی بەرمیلەکانی نەوت و رادەستکردنی بە بەغدا ، ئەم گفتوگۆ و رێککەوتنانە لە بودجەی 2021دا روون دەبنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com