شلێر سەعید
ئەندامێكی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێڕاق رایدەگەیەنێت، ئەو وادەی سەرۆك وەزیران دیاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێویستی بە پێداچونەوەیە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی، لە ڕابردودا بڕیاری دا، كە لە ساڵی داهاتوو ە مانگی 6، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەو هەڵبژاردنە ناكرێت، چونكە كۆمەڵێك كێشە هەیە پێویستی بەچارەسەركردنە و لە ئێستادا كێشەی گەورە فرە بازنەییە، كە زیانی زۆر بەو ناوچانە دەگەیەنێت، كە ناكۆكی لەسەرە بەتایبەت بۆ كورد كێشەیە.
بە پێی زانیارییەکان، كازمی ڕەتی دەكاتەوە، هەڵبژاردن دوابخات وەك هەندێ لایەنی سیاسی پێشنیاریان بۆی كردووە.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، گاتع روكابی، لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕایگەیاند: ئەو وادەی سەرۆك وەزیران دیاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 6-6-2020، پێویستی بە پێداچوونەوەیە، چونكە زۆر بەربەست و قەزیە هەیە لەبەردەم ئەم هەڵبژاردنە بەتایبەت لەناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆیە زۆر ئەستەمە بەم وەختە چارەسەربكرێت.
گاتع روكابی گوتیشی، یەكێك لە كێشەكانی بەردەم ئەو هەڵبژاردنەی كازمی دیاری كردووە، فرە بازنەییە، چونكە فرە بازنەیی كێشەی زۆری لەسەرە، بەتایبەت لە ناوچە كێشە لەسەركان، وەك موسڵ و دیالە و كەركوک و ئەو كێشانەش پێویستی بەكاتە بۆ چارەسەر كردن.
ئەندامەكەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێكی دیكە لە مەسەلە گرنگەكان، كە بۆتە بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردن، ئەویش بوونی زیاتر لە 30 شارەدێی نوێیە، كە هیچ زانیاریەكی لەبارەوە نازانرێت و كۆمسیۆن تا ئێستا هیچی لەبارەوە نازانێت.
روكابی دەشڵێت، هاوكات ئەو فرە بازنەییە، كێشەیەكی گەورەیە و لەلایەكی دیكەوە كێشەی دادگای فیدراڵی، كە ئەوانە هەموو كێشەی فعلین و دەبێت چارەسەربكرێت.
ئەمڕۆ شەممە 12- 9-2020، هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق و رایانگەیاند، كە ئەوان دەیانەوێت لایەنە كوردستانییەكان یەكهەڵوێست بن لە بەرامبەر ئەو یاسایە، كە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر داوە، بە تایبەتیش لە بابەتی فرە بازنەیی.