راپۆرتێكى عەرەبى ئاشكراى كردووە، بە پێچەوانەى جارى پێشوو كە خۆپێشاندەرانیان بە دەستى دەرەكى وەسف دەكرد، ئەو جارە حزبە شیعەكانى سەربە ئێران پاڵپشتى خۆپێشاندەران دەكەن و لەدژى حكوومەتى كازمى بەكاریان دەهێنن.
رۆژنامەى “عەرەب” ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات لەگەڵ نزیكبوونەوەى ئۆكتۆبەر “تشرینى یەكەم” وێنەى خۆپێشاندانەكان لەلایەن حزبە شیعەكانى سەربە ئێران پێچەوانە بووەتەوە و ئێستا ئەوان دەیانەوێ بە بەكارهێنانى خۆپێشاندانەكان تۆڵە لە حكوومەتى كازمى بكەنەوە.
لە بەشێكى راپۆرتەكە هاتووە، ئەوان ساڵى رابردوو خۆپێشاندەرانیان وەك دەستى دەرەكى ئەمریكا و ئیسرائیل و ئیمارات و سعوودیە دەزانى، وەك عەلى خامنەیى رابەرى كۆمارى ئیسلامى ئێران، خۆپێشاندەرانیان بە ئاژاوەگێر وەسف دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بە شێوەیەكى تر مامەڵە دەكەن.
رۆژنامەى عەرەب دەڵێ، كەناڵەكانى سەربە حزبە شیعەكان ئەوانەى لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێن رۆژانە خۆپێشاندانەكان رووماڵ دەكەن و گوایە ئەمە مافێكى دەستوورى خەڵكە، رۆژانە هانى گەنجان دەدەن تا خۆپێشاندان بكەن، بۆیە دەبینرێ لەبەردەم هەر وەزارەتێك لە بەغدا رۆژانە دەرچووى زانكۆكان ماندەگرن و ناڕەزایى دەردەبڕن.
رۆژنامەكە كە لە لەندەن دەردەچێ، چەندان جار دووپاتى دەكاتەوە ئەوان بە ئامانجى ئەوەى تۆڵە لە مستەفا كازمى بكەنەوە و لەڕووى سیاسییەوە سوودمەند بن لە خۆپێشاندانەكان ئەو كارە دەكەن و دەیانەوێ خۆپێشاندان لەدژى حكوومەتى كازمى بەكاربهێنن.