شلێر سەعید
بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی هەولێر رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی بە جووتساید کردنی رێگای کۆیە – هەولێر 15%ی جێبەجێكراوە، هەركات پارە هەبێت كۆمپانیاكان دەستپێدەكەنەوە.
ماوەی چەند رۆژێكە لەلایەن هاوڵاتیانی شاری كۆیە و چالاكوانان كەمپینێك بۆ تەواوكردنی دوو سایدی نێوان كۆیە-هەولێر پێكهێنراوە، بەمەبەستی فشارخستنە سەر لایەنی پەیوەندی دار بۆتەواو كردنی ئەو پڕۆژەیە.
لەسەرەتادا كە مپینەكە لەرێگەی تۆرە كۆمەڵایەتیەكانەوەبوو بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم ناچاربكەن ئەم رێگایەی نێوان هەولێر كۆیە بە دوو ساید بكرێت و ئەمرۆ پێنج شەممە(10-9-2020) كەمپینی هاشتاكی بەڵی بۆ تەواوكردنی ڕێگای دووسایدی كۆیە-هەولێرڕاگەیەندرا ، و بۆئەم مەبەستە لەباخی ڕەیحانە لە شاری كۆیە گردبونەوە و كەمپینەكەیان راگەیاند.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، د. سۆران بەكر، چالاكوان و یەكێک لە رێكخەرانی كەمپینەكە لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئەمڕۆ بەشێك لە چالاكوانان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری كۆیە، كەمپینی (#بەلێ بۆ تەواوکردنی ڕێگایی دوو سایدی کۆیە_هەولێر)مان ڕاگەیاند، بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی دووسایدی كۆیە – هەولێر، كە چەند ساڵە بڕیاری بۆ دەرچووە، بەڵام كارەكانی جێبەجێنەكراوە.
گوتیشی، ڕێگاكە زۆر خراپە بەهۆی ئەوەی یەك سایدە و قەرەباڵغی زۆری لەسەرە و تەنكەركانی نەوت گواستنەوەی كۆمپانیای نەوتی شێواشۆك ڕێگاكەیان تێكداوە و بۆتنە هۆی چەندین رووداوی دڵتەزێن.
ئەو چالاكوانە ئاماژەی بەوەشكرد، كە پێویستە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 پارەی بۆتەرخانبكرێت، چونكە ئەوە پڕۆژەیەكی ستراتیجیە و پێویستە تەواو بكرێت هاوشێوەی هەموو شارەكان ڕێگاوبانەكانیان دووسایدە تەنها كۆیە نەبێت.
محەمەد مەهدی، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی هەولێر، لەبارەی تەواو نەكردنی ڕێگاكە، تایبەت بە نوچەی گوت: ئەو پرۆژە لە 2014 دەستی پێكرد، كە بڕیار بوو بە چوار قۆناغ تەواو بكرێت و هەرقۆناغەی كۆمپانیایەك لەخۆی گرتبوو تەواوی كات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی، گشت كۆمپانیاكان كارەكانیان ڕاگرت.
بەڕێوبەری ڕێگاو بانی هەولێر گوتیشی، پڕۆژەكە گەورەیە، بە هەر چوار قۆناغەكە، كە قۆناغێكیان تونێلێكە نزیكەی 400 ملیار دیناری دەوێت. ئاماژەی بەوەشكرد، کە پرۆژەكە 15%ی جێبەجێكراوە، هەركات پارە هەبێت كۆمپانیاكان دەستپێدەكەنەوە ئێمە گرێبەستەكانمان لەگەڵیان بەردەوامە.


