شڵیر سەعید
مانگێگ زیاترە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان كردووە مستەفا كازمی بچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێك، بڕیاریش بوو سبەی ئامادەی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان بێت، بەڵام دوای خست.
سەبارەت بە بانگهێشتكردنەكەی سەرۆك وەزیران و ئەو دۆسیانەی لەسەری بانگهێشتی پەرلەمان كراوە، ئەندامێكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، دۆسییەكان زۆرن و لەوانە دۆسیەی ئەمنی ناوخۆی عێراقە و ئەو هەڵبژاردنەی دیاری كردوە لە ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت لەگەڵ چەندین دۆسیەی دیكە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا، گاتع ئەلروكابی، ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ، لەبارەی میوانداریكردنی سەرۆك وەزیران بۆ پەرلەمان، بە نوچەی ڕاگەیاند: 40 ڕۆژ لەمەوبەر ئێمە وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوامان كردووە میوانداری سەرۆك وەزیران بكرێت لەگەڵ هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری؛ ئەوانیش ڕازی بوون بە داواكارییەكەمان و ئامادە دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە گرنگرتین دۆسیەكان گفوگۆی لەسەر دەكرێت لەگەڵ كازمی. گوتیشی، لەناویان سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن.
روكابی گوتیشی، یەكێكی دیكە لە دۆسیە گرنگەكان لێپرسینەوەی لەسەردەكرێت لەگەڵ كازمی لەكاتی ئامادەبوونی لە پەرلەمان، دۆسیەی كشانەوەی هێزی ئەمریكایە و لە واشنتۆن چیان لەبارەوە گوتووە.
گاتع روكابی ئاماژەی بەوەشكرد، كە بارودۆخی ئەمنی ناوخۆی عێراق ئێستا خراپ بووە، بۆیە لەمبارەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیران دەكرێت، بەتایبەت پێشتر ئەو بەڵێنی دابو سەروەری بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
روكابی ڕونیشی كردەوە، یەكێكی دیكە لە گفتوگۆیەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیران لە پەرلەمان دەربارەی هەڵبژاردنی پَشوەختە وەك ئەوەی دیاری كردووە لە 6-ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجامی بدات، لەكاتێك هیچ روئیایەكی نییە بۆ ئەو هەڵبژاردنە و كۆمەڵێك كێشە لەبەردەمی دا هەیە.
ئەندامەكەی دەوڵەتی یاسا ئاشكراشیکرد، کە داوامانكردووە، میوانداری سەرۆك وەزیران بكرێت لەگەڵ هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری وەزیری ناوخۆ ئامادەبن، بەڵام هێشتا ئەوان ئامادەنەبوون، كە دەبوو سبەی چوارشەممە كازمی ئامادەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو داوای لێبوردنی كرد ناتوانێت ئامادە بێت، بەهوی ئەوەی كاری زۆرە كاتێك لە گەشتەكەی گەڕاوەتەوە.