شلێر سەعید
ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە ئەوانەی هیچ دەوام ناكەن و موچەش وەردەگرن كەسی دیكە لە شوێنیان دابنرێت بەوەش هەلی كار دروست دەبێت بۆ گەنجان.
بەمەبەستی پاككردنەوەی زیاتری لیستی موچەخۆران لە بندیوار و دوو موچە و سێ موچەكان قۆناغی دووەمی پرۆسەی بایۆمەتری موچەخۆران دەستیپێكرد و لیژنەیەكیش بۆ یەكلاكردنەوەی فرە موچەیی نایاسایی پێكهێنرا.
دوێنێ دووشەممە 7-9-2020، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی یەكەم كۆبوونەوەی قۆناغی دووەمی لیژنەی باڵای بایۆمەتری كرد و رایگەیاند: قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان دەستپێكرد، كە بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی ئەلیكترۆنی و گەیشتن بە حوكمڕانی دروست لەڕێی كەڵك وەرگرتن لە تەكنەلۆژیا. بڕیاریشیاندا، پشتببەستن بە یاسای چاكسازی، لیستی موچەخۆران لە فرە موچەیی نایاسایی و خەڵكانی ناشایستە پاك بكەنەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا موحسین دۆسكی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان، لە فراكسیۆنی پارتی، لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی جێبەجێكردنی بایۆمەتری ڕایگەیاند: ئێمە پشتگیری بابەتی بایۆمەتری دەكەین، بایۆمەتری یەكێكە لە میكانیزمەكان، كە لە پڕۆژە یاسای چاكسازی هەیە و جێی خۆی كردۆتەوە، چونكە بایۆمەتری نەبێت هەر كەسێك بە پەنجەمۆری خۆی موچە وەرنەگرێت زەحمەتە بتوانرێت ڕێگە لەو خەڵكانە بگرين، كە زیاتر لە موچەیەكیان هەیە یان چەند موچەك وەردەگرن.
موحسین دۆستکی دەڵێت، هەندێك لە دەرەوەی وڵاتە هەندێك بن دیوارن، كە ئەوانەش چەند جۆرێكن، دەتوانرێت ئەوانە ڕێكبخرێت و ئەوانەی هەر هیچ دەوام ناكەن و موچەش وەردەگرن، كەسی دیكە لە شوێنیان دابنرێت بەوەش هەلی كار دروست دەبێت بۆ گەنجان.
دۆسکی ئاماژەی بەوەشكرد، كە دەبێت بابەتی بایۆمەتری جێبەجێ بكرێت و فەرمانبەران جیا بكرێنەوە، شایستەکان مافی خۆیان وەرگرن و ناشایستەکان لابدرێن.