ماڵپەڕى كەناڵى جەزیرە باس لە هەوڵەكانى مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ خۆدوورگرتن لە سیاسەتى جەمسەرگیرى دەكات و بژاردەكانى بە مەحاڵ وەسف دەكات.
ماوەى دوو هەفتەیە لەگەڵ سەردانى بەرپرسانى باڵاى فڕەنسا”سەرۆك كۆمارى فڕەنسا و وەزیرى سوپاى فڕەنسا” باس لە بەدوورگرتنى عێراق لە سیاسەتى جەمسەرگیرى دەكرێ. بەو مانایەى عێراق بەشێك نەبێت لە سیاسەتى ئەو وڵاتانەى كە دەیانەوێ هەژموونى خۆیان لە ناوچەكە بسەپێنن، لە نموونەى ئەمریكا و سعوودیە و ئیمارات و ئێران.
بەڵام ئایا عێراق دەتوانێ ئەو كارە بكات؟ ئەمڕۆ ماڵپەڕى كەناڵى جەزیرە لە راپۆرتێكدا هەوڵى داوە وەڵامى ئەم پرسیارە بداتەوە و لە پوختەكەیدا دەڵێ كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەم مستەفا كازمیین كە هەموویان مەحاڵن.
لە راپۆرتەكە هاتووە كازمى لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكى سەیر دایە، چونكە لە نێوان ململانێى دوو جەمسەر دایە. یەكەمیان ئێرانە دەیەوێ كازمى بخاتە ژێر هەژموونى خۆى بە بابەتى دەركردنى هێزەكانى ئەمریكا، جەمسەرەكەى تریش ئەوانەن كە لایەنگرى ئەمریكا دەكەن و دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە ئەگەر حكوومەت لایەنگرى ئەمریكا بكات ئەوا دەتوانێ لەسەر جێبەجێكردنى كارنامەى حكوومەتەكەى بەردەوام بێت.
بەڵام وەك ئەوان خەیاڵى بۆ دەكەن ئاسان نییە، چونكە لایەنەكانى سەربە ئێران لەوەتەى كازمى سەردانى ئەمریكا كردووە و دەستیان بە هەڕەشە كردووە و هەرچەندە كۆبوونەوەشیان لەگەڵ كازمى كردووە كەچى بە ئەنجام نەگەیشتوون.
چاودێرانى سیاسى لە راپۆرتەكە باسیان لەوە كردووە بۆ كازمى باشترە لەگەڵ جەمسەرى عێراق بێت و هەوڵ بدات داواى خۆپێشاندەرەكان جێبەجێ بكات، بە تایبەتى كە دەزانرێ ساڵیادى دەسپێكردنى خۆپێشاندانەكان نزیك دەبێتەوە، چونكە لە مانگى تشرینى یەكەم بوو دەستى پێكرد، بۆیە پێشبینى دەكرێ تەوژمێكى ترى خۆپێشاندان دەست پێ بكاتەوە.