لە راپۆرتی رۆژنامەیەكى عەرەب هاتووە، مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق ئەركى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى وگرتنى گەندەڵكاران بە پیاوانى هەواڵگرى و دژەتیرۆر راسپاردووە و پیاوێكى كردووەتە سەرۆكى لیژنەى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى پێشتر لە هەواڵگرى كارى كردووە.
رۆژنامەى “عەرەب” كە لە لەندەن دەردەچێ لە راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووە، كازمى بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لیژنەیەكى داناوە، لە پێكهاتەكەى دەردەكەوێ لەو ئەركەدا جددییە.
عەرەب باس لەوە دەكات سەرۆكایەتى لیژنەى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵێ بە فەریقى مافپەروەر ئەحمەد تەها هاشم داوە، كە پێشتر لە چەندان پێگەى بەرزى هەواڵگرى لە وەزارەتى ناوخۆ كارى كردووە.
جیا لەوەیش لیژنەكە لە لایەن بەرپرسێكى گەورەى هەواڵگرى پاڵپشتى دەكرێت و عەبدولوەهاب ساعدى كە سەرۆكى دەزگاى دژە تیرۆرە، ئەركى جێبەجێكردنى گرتنى گەندەڵكاران لە ئەستۆ دەگرێ كە لەلایەن لیژنەكەوە دەدرێن.
رۆژنامەى عەرەب لەسەر پێكهاتەى لیژنەكە دەڵێ، “بە سەیركردنى پێكهاتەى لیژنە نوێیەكە و ئەو لایەنە ئەمنییەى كە ئەركى گرتنى گەندەڵكاران لە ئەستۆ دەگرێ، دەردەكەوێ نیازێكى راستەقینە بۆ كردنە ئامانجى ئەو بەرپرسانەى كە لە ریزى یەكەمن”.
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات بەگوێرەى ئەو لێكدانەوەیەى بۆ كارى لیژنەكە كراوە، ئەو لیژنەیە دەتوانێ لێكۆڵینەوە لەگەڵ تەواوى سەرۆك كۆمار و سەرۆكەكانى حكوومەت و پەرلەمانتارانى پێشووى عێراق بكات.