بۆ كۆنترٍۆڵكردنى چەك بە دەست دەوڵەتەوە، بۆ یەكەمجار لە عێراق ئۆپراسیۆنێكى گەورە لە بەغدا و بەسرە دەستى پێكردووە و چوار هێزێ عێراقى تێیدا بەشدارن.
ئەمڕۆ شەموو پێنجى ئەیلوول ئۆپراسیۆنێكى گەورە لە بەغدا و بەسڕەى دەستى پێكردووە، بۆ گەڕان و دۆزینەوەى ئەو چەكانەى كە بەدەست هۆزەكانن.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى بڵاوى كردووەتەوە، چوار هێزی سەرەكى لەم ئۆپراسیۆنەدا بەشدارن، یەكەمیان هێزى دژە تیرۆرى عێراقییە، لەگەڵ لیواى تایبەت و هێزى زرێپۆشى فرقەى نۆ، چەند مەفرەزەیەكى سەگى پۆلیسى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق.
وەك لە لێدوانە فەرمییەكانى بەرپرسانى عێراق دەركەوتووە، سەرەتا ئەم ئۆپراسیۆنە لە دوو شار دەست پێ دەكات، ئەوانیش بەغدا و بەسڕەن.
لیوا روكن ئەكرەم سەدام فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانى بەسڕە لە لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هەواڵى ئەڵمانى گوتوویەتى، تەواوى هێزەكانى عێراق لە بەسڕەیش دەستیان بە گەڕان و پشكنین كردووە بۆ دۆزینەوەى چەكى نایاسایى، بە تایبەتى چەكى هۆزەكان.
ئەو بەرپرسە عێراقییە روونى كردووەتەوە، قەدەغەى هاتوچۆ رەنەگەیاندراوە، ئۆپراسیۆنەكەیش لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ دەستى پێكردووە.