رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا دەڵێ تا ئێستا وردەكاریى ئەو پرۆژەیە ئاشكرا نەبووە، كە ئیمانوێل ماكرۆنى سەرۆك كۆمارى فڕەنسا بە عێراقى داوە. هەمان رۆژنامە دەڵێ ئامانجى فڕەنسا ئەوەیە ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە ئەمریكا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى دروست كردووە.
ئەمڕۆ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لە سەردانەكەى دوێنێى ئیمانوێل ماكرۆن بۆ عێراق دەكات و هەوڵ دەدات لێكدانەوە بۆ رەهەندە جیاوازەكانى بكات.
ماكرۆن لە سەردانەكەى گوتى، “پرۆژەیەكمان بە عێراق داوە سەروەرییەكەى دەپارێزێ، ئێمە چاوەڕوانى سەركردایەتییەكى دەكەین بۆ ئەوەى دوایین تێبینى خۆیان لەسەر پرۆژەكە بدەن”.
رۆژنامەى شەرق ئەوسەت لەسەر ئەو لێدوانەى ماكرۆن دەڵێ نە ماكرۆن و نە سەركردەكانى عێراق تا ئێستا هیچ زانیارییەكان لەسەر ئەو پرۆژەیە ئاشكرا نەكردووە.
زافر عانى ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پەرلەمان لەسەر سەردانەكەى ماكرۆن، لە لێدوانێكى بۆ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت دەڵێ، “فڕەنسا دەیەوێ هەلەكە بقۆزێتەوە و ئەو بۆشاییە پڕبكاتەە كە ئەمریكا دروستى كردووە”.
یاسین بكرى مامۆستاى زانكۆ لە عێراق لە لێدوانێكى بۆ رۆژنامەكە دەڵێ، “ئەو سەردانە لە چوارچێوەى رۆڵى فرەنسا دێ لە رێكخستنەوەى كارتەكانى لە ناوچەكە، بە تایبەتى ئەوەى بەندە بە پەیوەندى ئەوروپى و ئێرانى و ئەمریكى”.