وەزارەتی پێشمەرگە: تا ئێستا پێنج پێشمەرگە لە لایەن داعشەوە دەستگیركراون
نوچە: سلێمانی
عەمید هەڵگورد حیكمەت بەرێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، تا ئێستا پێنج پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە دەستگیر كراون و هەوڵەكانیش بۆ ئازاد كردنیان بەردەوامە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی “ئەو پێنج پێشمەرگەیە هێشتا لە ژیاندا ماون، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئازاد كردنیان، بەڵام لایەنی بەرانبەر داواكارییان هەیە”.
تا ئێستا بە هۆی هێرشەكانی داعشەوە بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانەوە، هێزەكانی پێشمەرگە چەندین شەهید و بیرینداریان هەبووە، لە دواترین زانیاریشدا وەزارەتی پێشمەرگە دەستگیركردنی پێنج پێشمەرگەی راگەیاند، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە.