ئەسعەد مورادی
بەرپرسێکی لقی ١٤-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ رایدەگەیەنێت، والی تەلەعفەری داعش لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستگیر کرا.
رێکخراوی تیرۆرستی داعش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤، دوای شکستهێنانی سوپای عێراق، توانی یەک لەسەر سێ خاکی عێڕاق داگیر بکات، هەزاران تاوانی دژ بە خەڵکی ناوچە و بەتایبەتی کورد ئەنجامدا، دواتر بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بە بەشداری چەندین وڵات، لەوانە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی دیکە هاوپەیمانیەتییەک لەدژی ئەو رێکخراوە پێکهات و بە پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هێرشی ئاسمانی توانرا لە ساڵی ٢٠١٧ سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە عێراق رابگەیێندرێ.
بەڵام بە گوتەی شارەزایان و راپۆرتە ئەمنییەکان، شانە نوستووەکانی داعش بەردەوامن لە کاری رێکخستنی خۆیان و دەیان کردەوە و تاوانیان ئەنجامداوە و هاتوچۆیان لە نێوان عێراق و سوریا بەردەوامە و مەزەندە دەکرێت ژمارەیان بگاتە ١٠ هەزار کەس.
لە ڵێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مەمۆزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی١٤-ی پارتی لە موسڵ، لەبارەی دەستگیر کردنی بەرپرسێکی باڵای داعشەوە رایگەیاند: والی تەلەعفەری داعش بە ناوی عمروعاس، کە بە رەگەز سعوودی بووە، هەروەها یەکێ لە لایەنگرانی نزیکی ئەبوبەکر بەغدادی (خەڵیفەی رێکخراوی تیرۆرستی داعش کە لەلایەن ئەمریکا و بەهاوکاری هەسەدە کوژرا) بووە. ئەمڕۆ سێشەممە (١-٩-٢٠٢٠) لە تەلەعفەر لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە دەستگیرکراوە