نوچەنێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو فراکسیۆنەکەمان لەگەڵ ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆ دەبێتەوە بۆ دیاری کردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممە 27-7-2020 عەلی حەمە ساڵح دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان کشاندەوە، تائێستا دیار نیە کێ دەبێتە جێگرەوەی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاخەوان ڕەوف، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان پەیڕەوێکی ناوخۆمان بۆ فراکسیۆنەکە پەسەند کرد، بەپێی پەیرەوەکە دەبێت دوو ساڵ جارێک دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت، پێشتر سێ ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکە بوون، زۆر دڵسۆزانە کارەکانی خۆیان کردووە”.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی “تائێستا هیچ ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان خۆی کاندید نەکردووە بۆ دەستەی نوێی سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو فراکسیۆنەکەمان لەگەڵ ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە ئەنجامبدات، بۆئەوەی سێ ئەندامی دیکە لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ئیدارەدانی دەستەی سەرۆکایەتی فراکسیۆنەکە هەڵبژێردرێن”.
ناوبراو جەختیشیکردەوە “ئێمە پەیڕەوەکەمان بەلاوە گرنگە و بەپێی ئەو پەیڕەوە کاردەکەین، گرنگە ئاڵۆ گۆڕ بکرێت لەڕووی دیموکراسییەوە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بتوانین لەڕێگەی فراکسیۆنەوەکەمان، خزمەت بەخڵک بکەین، بەپێی پەیڕەوە نوێیەکە هەر ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئازادە و بۆی هەیە خۆی بۆ دەستەی نوێی فراکسیۆن هەڵبژێرێت”.
سەبارەت بەوەی دەگوترێت بەهۆی فشاری خانەی ڕاپەڕاندن و سەرکردایەتی گۆڕان بۆ کشانەوەی واژۆی عەلی حەمە سڵح بۆ بانگێشتکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ئەمە تاچەند ڕاستە؟ شاخەوان ڕەوف، دەڵێت “عەلی حەمە ساڵح ماوەی دوو ساڵە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی کوردستان، کەسێکی جدی و دڵسۆز بوو لە کارەکەی، دوای پەسەندکردنی پەیڕەوەکەش دەست لەکارکێشانەوەی لە فراکسیۆنەکە پێشکەش کردووە و خۆی پێی باشبووە کەسێکی دیکە بچێتە جێگاکەی بۆئەوەی ئیدارە و سەرۆکی فراکسیۆنەکە بێت”.