لایەنەكانى شیعە دژى ئەو رێككەوتنانە دەوەستنەوە، كە مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق لە میانەى دیدارى لووتكەى عەمان لەگەڵ میسڕ و ئوردن ئەنجامى داوە.
لە راپۆرتێكى رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، عامر فایز ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەكانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق لەسەر لیستى هاوپەیمانى فەتح كە لە ئێرانەوە نزیكە، بە راشكاوى رەخنە لەو رێككەوتنانە دەگرێت كە كازمى ئەم هەفتەیە لەمیانەى ئامادەبوونى لە لووتكەى عەمان لەگەڵ شا عەبدوڵاى دووەمى شاى ئوردن و عەبدولفەتاح سیسى سەرۆك كۆمارى میسڕ ئەنجامى داوە.
فایز گوتوویەتى، هەر رێككەوتنێك بكرێت ئەوا عێراق پابەندى نابێت، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە لە پەرلەمانى عێراق رەزامەندى لەسەر دەدرێت. بۆیە بە بڕواى ئەو دەبێت حكوومەتى عێراق رێككەوتنەكان رەوانەى پەرلەمان بكات ئەگەر بیەوێ پایەندیان بێت.
لە راپۆرتەكەى رۆژنامەى شەرق ئەوسەت باس لەوە كراوە، شیعەكانى عێراق دژایەتى ئەو رێككەوتنانە دەكەن كە عێراق دەیەوێ لەگەڵ میسڕ و ئوردن جێبەجێ بكات. تەنانەت توانجیش لە وتارەكەى كازمى دەدەن كە لە عەمان پێشكەشى كردووە. كازمى لە یەكێك لە رستەكانى گوتوویەتى، “ئێمە دەمانەوێ ئاشتى لەناوچەكە بەرپا بكەین” كەچى عزەت شابەندەرى سیاستەمەدارى شیعە بە توانجەوە لە تویتێك نووسیویەتى، “جەنابى سەرۆك، ئاشتى لەگەڵ كێ؟”.
ئیسحان شەمەرى توێژەرى سیاسى لە عێراق بۆ رۆژنامەكە باسى لەوە كردووە، لایەنە شیعەكانى عێراق نایانەوێ عێراق لە وڵاتانى عەرەبى نزیك ببێتەوە. بۆیە لەوانەیە كێشەى بۆ دروست بكەن.