داوای کشانەوەی واژۆ لە پێنج پەرلەمانتاری یەکێتی دەکرێت

0

نوچەنێت

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر داوامان لێبکرێت واژۆکەم بکشێنمەوە بڕوای خۆم هەر شتێک بێت ئەوە دەکەم.  

بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەفەرمی داوای لە پێنج پەرلەمانتاری حزبەكەی لە پەرلەمانی كوردستان كردووە، واژۆكانیان بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بكێشنەوە.  

ئەم هەفتەیە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی واژوو كرا بۆ ئەوەی لەپەرلەمانی كوردستان ئامادەبن، ئەو پێنج پەرلەمانتارەی یەكێتی، کە واژۆیان كردبوو بریتین لە ئاشتی شەمۆل، هاوڕێ مەلا ستار، سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، شیرین یونس، عەباس فەتاح.  

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەباس فەتاح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، یەکێک بووە لەوانەی، کە واژۆیانکردووە، سەبارەت بە داواکەی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ کشانەوەی واژۆی ئەو پەرلەمانتارانە، ڕایگەیاند “تائێستا هیچ کەسێک هیچ شتێکی بەفەرمی بە من نەگوتووە، بەڵام ئەگەر داواشم لێبکرێت بڕوای خۆم هەر شتێک بێت هەر ئەوە دەکەم، چونکە هەر شتێکم کردووە بە بڕوای خۆم کردوومە”.  

عەباس فەتاح گوتیشی “ئەو پەرلەمانتارانەی، کە واژۆمان کردووە، هەموومان بەویستی خۆمان واژۆمان کردووە، جا ئەگەر خۆم بڕوام بە کشانەوەی واژۆکەم هەبێت دەیکشێنمەوە، ئەگەر بڕواشم بە کشانەوەی واژۆکەم نەبێت ناکشێنمەوە”.        

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com