ئەمریكا هاوكاری عێراق ناكات

0

شلێر سەعید

ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی بەغدا دەڵێت، سەرۆك وەزیران چاكسازی ڕیشەیی نەكردووە و ئەمەریكاش هاوكاری ناكات.

 عێراق لە بارودۆخێكی خراپ دایە، چ لە بواری سیاسی و ئەمنی یان لەبواری ئابوری، ئەوەش وای كرد دووبارە خەڵك بێنەوە سەرشەقامەكان و خۆپیشاندان بكەن لەبەرامبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆری گەندەڵی، لەلایەكی دیكە خۆپیشاندەران وایان دەزانی سەرۆك وەزیران زۆربەی كێشەكانیان بۆ چارەسەر دەكات و چاكسازی دەكات، بەڵام ئەو چاكسازییانەی كازمی سنوردارە و ناتوانێ‌ دڵی هاوڵاتیان خۆش بكات.

 بەپێی راگەیەندراوێك، كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، مایك پۆمپیۆ ئاشكرای كردووە، كە بڕی 204 ملیۆن دۆلاری دیكەی لە چوارچێوی یارمەتییە مرۆییەكان پێشكەش بە گەل و پەنابەرانی عێراق لە ناوچەكە، كردووە.

مایك پۆمپیۆ ئاماژەی بەوە داوە، كە لە ساڵی 2019-وە تا ئێستا، 706 ملیۆن دۆلاریان لە رێگەی نووسینگەی نیشتەجێكردن و كۆچ و كۆچبەران لە وەزارەتی دەرەوە و نووسینگەی یارمەتییە مرۆییەكانی سەربە ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی پێشكەش بە عێراق كردووە، ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، تەنها 200 ملیۆن دۆلاری بۆ هەڵبژاردن تەرخان كردووە.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، لەم بارەوە جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: چاكسازییەكان لە عێراق دیاریكراون، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەنها لە حەوت خاڵی سنوری چاكسازی كردووە و لە ئێستادا داهاتی خاڵە سنورییەكان كەمی كردووە و سەرۆك وەزیران ناتوانێ‌ چاكسازی ڕیشەیی بكات.

گوتیشی، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی ‌ئەوەی داهاتی سنورەكانی هەموو جیهان كەمی كردووە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە و عێراق پشكی گەورەی لەم زیانە بەركەوتووە، بۆیە من لەو بڕوایەدام، كە چاكسازییەكەی كازمی بەو شێوەیە نییە ریشەیی بێت وەك ئێمە چاوەڕێمان دەكرد و داهاتیش بەهۆی ئەو چاكسازیەوە، زیادکردنێکی وا بەخۆوە نابێنی.

جەمال كۆچەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە خەڵك وادەزانی ئەمریكا هاوكاری عێراق دەكات، بەڵام ئەمریكا هاوكاری عێراق ناكات، تەنها 200 ملیۆن دۆلاری بۆ هەڵبژاردن تەرخان كردووە و گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیەك دەكەن لە بواری وزە و و غاز و…هند.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com