شلێر سەعید
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە عێراق بە گۆرێنی كەسێك یان سەرۆك وەزیران هەموو شتەكان دەگۆڕێت و پەیوەندییەكانیش دەگۆڕێت لەگەڵ وڵاتان. دەشڵێت ”دەبوو ئەو پەیوەندییانە ستراتیژی بن و بە ئاسانی نەگۆڕێن”.
لە یەكەم سەردانی كازمی بۆ ئێران، سەرۆك وەزیران بە ڕوحانی گوت “حەز بە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوانمان دەكەم، بەڵام بەمەرجێك دەست وەرنەدەنە ناو كاری ناوخۆی عێراق”، بەڵام عێراقییەكان بەشێكیان پێیان وایە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق وادەكات دەستوەردانەكانی ئێران نەمێنی لەناو عێراق، بەتایبەتی دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، چونكە ئەمریكاش ئەوەی دەوێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە ، سەبارەت بە هەژمونی ئێران بەسەر عێراقەوە، محەمەد ئەمین فارس، لە فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: هەموو وڵاتەكانی دەورووبەر هەریەكەو بە پێی بەرژەوەندی خۆی بەرژەوەندیان هەیە و خەڵكیان هەیە لە ناو عێراق، جا ئێران بێ یان توركیا هەریەكەو بەرژەوەندی تایبەتی هەیە. گوتیشی، سەربارەت بەو سەردانەی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتۆن و پێشتر بۆ ئێران و بۆ وڵاتانی دیكەش لەوانەیە ئەوسەردانانە بەردەوام بێت بۆ وڵڵاتانی دیكەش، عێراق دەیەوەێت پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ پەردان بە باری ئابوری و ئەمنی و گشت بوارەكان.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی پێشی وایە وڵاتانی دراوسێ كاریگەریان هەیە بەسەر ناوخۆی عێراق و دەڵێت، بەپێی ئەوەی ئێران نزیكە لە عێراق و سنورێكی دوروودرێژی هەیە لەگەڵ عێراق، وەك توركیاش هەیەتی و هەریەكە و كاریگەری هەیە لەسەر عێراق بە پێی قەبارەی خۆی.
سەبارەت بە كەم بوونەوەی هەژموونی ئێران بە سەر عێراقدا و كەمبوونەوەی دەسەڵاتەكانی بەهۆی سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن، محەمەد ئەمین لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئێران نزیكە ئەو پەیوەندیانەی هەردەمێنێ لەناو عێراق؛ باوەڕناكەم كاریگەری وای هەبێت و ئەو كاریگەریانە گۆڕانكاریان بەسەردادێت، بە پێی ئەو سەرۆك وەزیرانە نوێیەی، كە دەست بەكاردەبێت .
محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەشكرد، کە عێراق وڵاتێكی دامەزراوەیی نییە، چونكە ئەگەر وڵاتێكی خاوەن دامودەزگا بوایە، بە گۆڕانی كەسێك یان بە گۆڕانی سەرۆك وەزیران نەدەگوڕا. دەشڵێت ”خۆی دەبو ئەو پەیوەندیانە ستراتیژی بن و بە ئاسانی نەگۆڕێن، بەڵام لە عێراق وایە بە گۆرێنی كەسێك یان سەرۆك وەزیران هەموو شتەكان دەگۆڕێت و پەیوەندییەكانیش دەگۆڕێت لەگەڵ وڵاتان.