له رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ 23ى ئاب، فه‌یسه‌ڵ كوڕى حوسێن بوو به یه‌كه‌م پاشاى عێراق ،به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى كه‌ناڵى جه‌زیره كه ئه‌مڕۆ بڵاو كراوه‌ته‌وه، دواى تێپه‌ڕبوونى 99 ساڵ هێشتا ئه‌و بنه‌مایه و یاسایانه ماون كه فه‌یسه‌ڵ بۆ عێراقى داناوه.
له رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ 23ى ئابى ساڵى 1921 تاجى پاشایه‌تى له‌سه‌ر فه‌یسه‌ڵ كوڕى حوسێن كوڕى عه‌لى هاشمى نرا، بوو به یه‌كه‌م شاى عێراق.
به‌م بۆنه‌یه‌وه ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره، راپۆرتێكى له‌سه‌ر گرنگى فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م بڵاوكردووه‌ته‌وه و شاره‌زایان له راپۆرته‌كه دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، كه فه‌یسه‌ڵ دامه‌زرێنه‌رى ده‌وڵه‌تى عێراق بووه و زۆر كارى گرنگى له رووى كارگێرى و یاساییه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تى عێراق كردووه، به بونیادنه‌رى عێراقى وه‌سف ده‌كه‌ن.
نه‌جم قه‌ساب كه شاره‌زاییه‌كى یاساییه له كاروبارى قۆناغى پاشایه‌تى له عێراق بۆ كه‌ناڵى جه‌زیره باس له‌وه ده‌كات، ئه‌مڕۆ خه‌ڵك بیرى قۆناغى پاشایه‌تى ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و كات سه‌روه‌ریى یاسا و پابه‌ند و سه‌قامگیرى هه‌بووه.
ده‌وڵه‌تى عێراق له ساڵى 1921 دامه‌زرا، به قۆناغى پاشایه‌تى ده‌ستى پێكرد. یه‌كه‌م كه‌س فه‌یسه‌ڵ بوو به شا تا ساڵى 1933 كۆچى دوایى كرد و دواى ئه‌ویش غازى كوڕى، غازى له ساڵى 1939 به رووداوى ئۆتۆمبیل مرد، ئه‌و كاته‌یش كوڕه‌كه‌ى “فه‌یسه‌ڵى دووه‌م” ته‌مه‌نى بچووك بوو، بۆیه عه‌بدولئیلاهى خاڵى فه‌یسه‌ڵى دووه‌م عه‌رشى عێراقى گرته ده‌ست تا له ساڵى 1953 فه‌یسه‌ڵى دووه‌م گه‌وره بوو و ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرت و دواتر له 1958 ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى له عێراق رووخا.