رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه كه باسى میلیشیاكانى شیعه‌ى كردووه و گوتوویه‌تى، هه‌ر رێكخراوێك چه‌كى هه‌بێ، به رێكخراوێكى نایاسایى داده‌نرێت.
رۆژنامه‌كه دیمانه‌یه‌كى دوورودرێژى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى كردووه و گوتوویه‌تى، كازمى متمانه‌ى هه‌یه چاكسازى له عێراق بكات و بڕوایشى وایه چاكسازى گرنگترین ئامانج ده‌بێت بۆئه‌وه‌ى عێراق پێشبكه‌وێ.
مسته‌فا كازمى له ديمانه‌كه بۆچوونى خۆى له سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكى عێراقى و عه‌ره‌بى ده‌ربڕیوه و له‌وانه باس په‌یوه‌ندى نێوان ئیسرائیل و ئیماراتى كردووه و ده‌ڵێ، ئه‌مه بڕیارێكى ئیماراته، بۆمان نییه خۆمان بخه‌ینه ناو بابه‌ته‌كه‌وه.
كازمى باس له میلیشیاكان ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه ده‌بێت چه‌ك به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه بێت، ئه‌و ده‌ڵێ، “پاساوى بوونى ئه‌و هێزانه بوونى ئه‌مریكایه به‌ڵام ئه‌م ماناى ئه‌وه نییه مافیان هه‌بێ، هێرش بكه‌نه سه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا”. دواتر كازمى ده‌ڵێ هه‌ر رێكخراوێكى چه‌كى هه‌بێ ئه‌وا به‌ڕێكخراوێكى نایاسایى داده‌نرێت.
رۆژى سێشه‌مى رابردوو كازمى سه‌ردانى ئه‌مریكاى كرد و دوێنێ گه‌ڕایه‌وه و سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى كرد له شارى به‌سره‌ى باشوورى عێراق چونكه ئه‌و شاره به‌هۆى میلیشیاكانه‌وه له ته‌نگژه‌یه‌كى ئه‌منى دایه.