رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى له‌نده‌نى ده‌ڵێ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى له سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئه‌مریكا سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵام ده‌بێت به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه رووبه‌ڕووى میلیشیاكانى ئێرانیش ببێته‌وه.
رۆژنامه‌ى”عه‌ره‌ب” ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێ، له رۆژانى داهاتوو عێراق ده‌چێته قۆناغێكى گرژتره‌وه، چونكه به‌ركه‌وتنى توندتر له نێوان میلیشیاكان و حكوومه‌ت روو ده‌دات، كه یه‌كه‌میان له لایه‌ن ئێران و دووه‌میان له لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه پاڵپشتى ده‌كرێن.
چاودێرانى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب باسیان له‌وه كردووه، سه‌ردانه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى بۆ واشنتن سه‌ركه‌وتوو بووه، وه‌ك زه‌برێكه به‌ر میلیشیاكان كه‌وتووه، بۆیه ده‌بێت كازمى ئه‌و ئه‌ركه له ئه‌ستۆ بگرێت و رووبه‌ڕووى میلیشیاكان ببێته‌وه.
له رێككه‌وتننامه‌ى عێراق وئه‌مریكا هاتووه، “هاوپه‌یمانى ستراتیژى نێوان عێراق و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاره‌زووى هاوبه‌ش بۆ به‌دیهێنانى ئاسایش و گه‌شه‌پێدان دانراوه”. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ ئه‌م رسته‌یه زۆر ده‌كه‌وێته‌وه له‌سه‌ر ئێران و لایه‌نگره‌كانى له عێراق.
بۆیه ئه‌وان كه‌وتوونه‌ته خۆ و هه‌ڕه‌شه له حكوومه‌تى كازمى ده‌كه‌ن وبه‌وه تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن گوایه له ویستى عێراق هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه كه ده‌خوازێ ئه‌مریكا ده‌ربكات.