شلێر سەعید
شاندی عێراق 20-ی ئەم مانگە گەیشتە واشنتۆن و لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆبوونەوە و بەپێی پێشینی زۆر لە شارەزایان ئەو سەردانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن كاریگەری ئەرێنی دەبێت، و بە قازانجی كورد تەواو دەبێت.
لە لێدوانێكی تایبەتدا سەبارت بە سەردانەكەی كازمی و كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، كارۆخ خۆشناو، سەرۆكی ئەنستیتووتی توێژێنەوەی ئەمریكی-كوردی بە نوچەی ڕاگەیاند: پێم وایە سەردانەكەی كازمی كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، چونكە پێش ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕوات بۆ واشنتۆن بە فشاری ئەمریكا كازمی ڕێكەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ هەرێم كرد، كە بۆ ماوەی 3 مانگ مانگانە 320 ملیار دیناری بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان و دوای گەیشتنی شاندەكە بۆ واشنتۆن لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تاكیدی لەوەكردەوە، كە پێویستە بەغدا ڕێکكەوتن بكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و مافە دەستورییەكانی بەدەست بهێنێت، بۆیە پێم وایە كورد مافە دەستورییەكانی بەدەست بهێنێت لە بەغدا.
كارۆخ خۆشناو گوتیشی، هاوكات ئەمریكا پشتگیری لە مافە دەستورییەكانی هەرێم دەكەن، بۆیە فشار دەخەنە سەر عێراق تا ڕێكکەوتنێکی درێژخایەن بكەن و ئەو پرسە هەڵواسراوانەی نێوانیان ماوە كازمی بتوانێت چارەسەربكات.
سەرۆكی ئەنستیتووتی توێژێنەوەی ئەمریكی-كوردی پێشی وایە سەردانەكەی شاندی عێراق بۆ ئەمریكا بە قازانجی كورد تەواو دەبێت، چونكە كوردیش بە وەفدێكی باڵا بەشدارە لە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانی دیالۆكی ستراتیژی و هەرێمی كوردستان ئاگاداری ورد و درشتی دانوستانانەكانە، بۆیە پێم وایە سەرۆكی ئەمریكا فشاربخاتە سەر كازمی و پابەندی ماددە دەستورییەكان بێت و هەرێم بە مافە دەستورییەكانی بگات.
كارۆخ خۆشناو ئاماژەی بەوەشكرد، بە شێوەیەكی گشتی، كە سەردانی كازمی دوو ڕهەندی هەیە بۆ كورد یەكەمیان ئەمریكا فشار دەخاتە سەر كازمی بۆ ئەوەی كورد بەمافە دەستوریەكانی بگات. دووەم، لە چوارچێوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكانی دیالۆكی ستراتیژی كورد پشكی دەبێت لەهەموو ئەو ڕێكکەوتنانەی لەگەڵ عێراق دەكرێت، لەهەموو ئەو هاوكاری و گرێبەستانەی دەكرێت، كورد 17% پشكی دەبێت، وەك لە دەستوری عێراق دانی پێدانراوە، چونكە ئەمریكا بە تەمایە ژێرخانی ئابوری عێراق بنیاد بنێتەوە، نەك هەرلەبواری سەربازی بەڵكو لەبواری وزە و ئابوری كلتوری و خوێندی باڵا و تەندروستی.