نوچەنێت
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لێ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نیگەرانی لای بزووتنەوەی گۆڕان دروستکردووە و بڕیارە جڤاتی نیشتمانی کۆببێتەوە.
لە دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 3 ی 2020 بە لێ بڕینی لە 21% -ی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی بەشێک لە بەرپرس و ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانی لێکەوتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بڕیاری لێ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕایگەیاند: بڕیاری لێ بڕینی لە 21% موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە، نیگەرانی لای بزووتنەوەی گۆڕان دروستکردووە، لەسەرکردایەتییەوە تا ئەندامەکانی خوارەوەش.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت “بڕیارە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە، بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە هەڵبژێرن ئایا بێ ئومێد بوون لە پڕۆسەی چاکسازی یان دەتوانن بەردەوامبن”.
بەڵێن ئیسماعیل گوتیشی “بڕیاری کۆتایی لای جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە، ڕاو بۆچوونی سەرجەم ئۆرگانەکان ( بازنەکان، ڕایەڵەکان و ژوورەکانی فراکسیۆنەکان) دەڕواتەوە بەردەم جڤاتی نیشتمانی و لەگەڵ دەرەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی، کە خۆیان کردوویان پێکەوە بڕیای لەسەر دەدەن”.