نوچەنێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی ئیسلامی لە کوردستان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و پڕۆژەکە لە شوێنی خۆی سڕ بووە.
لە ماوەی ڕابردوو حزب و لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان، چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجامدا بۆئەوەی بەرەیەکی گەورەی ئیسلامی هاوبەش لەکوردستان درووستبکەن، بەڵام هەوڵەکان بۆ درووستکردنی ئەوە بەرە هاوبەشە بێ ئەنجام بوو.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. عەبدوڵڵا وەرتێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سەبارەت بە چارەنوسی بەرەی هاوبەشی ئیسلامییەکانی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەو هەوڵانەی لەڕابردوو هەبوون بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی ئیسلامی لە کوردستان، لە لایەن حزب و لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستانەوە، هیچ ئەنجامێکی نەبووە و پڕۆژەکە لە شوێنی خۆی سڕ بووە”.
ئەو ئەندەمەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، دەشلێت”هەر چەندە دەستەیەکی باڵای کاری هاوبەش لە نێوان ئیسلامییەکانی کوردستان درووستکرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کۆبوونەوە، مشورەت و ڕاگۆڕینەوەیەک لەو بارەیەوە لە ناو ئیسلامییەکانی کوردستاندا نیە، بەڵام ئێمە وەک بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، هەمیشە بە ئوێدین بتوانین لەگەڵ ئیسلامییەکان پڕۆژەیەکی هاوبەشمان هەبێت و بەیەکەوە هاو هەڵوێست و هاو بڕیار بین لە کوردستان”.
سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی پڕۆژەکەش، عەبدوڵڵا وەرتێ گوتی “هیچ لایەنێکی ئسیلامی لە کوردستان، ئەوانەی بەشداربوون لە پڕۆژەکە (بزوتنەوە، کۆمەڵ و یەکگرتوو)-ی ئیسلامی کوردستان، تائێستا بەفەرمی ڕایاننەگەیاندووە، کە ئێمە دەست بەرداری ئەو پڕۆژەیە بووین و پڕۆژەکەمان واز لێهێناوە”.
بەرپرسەکەی بزوتنەوەی ئیسلامی، جەختیکردەوە “پێویست بە هەوڵ و کۆشش دەکات، بۆئەوەی پڕۆژەکە جارێکی دیکە بەنەمەتێکی نوێ، شێوازێکی نوێ زیندوو بکرێتەوە، چونکە ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندی ئیسلامییەکان و خەڵکی کوردستانە، دەبێتە مایەی تەکان و جۆش و خرۆشێک بۆ ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردستان لەسەر کاری بانگەوازی ئیسلامی، خەبات و چالاکی ئیسلامی لە کوردستان، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە وەک خۆی زیندوو بکرێتەوە و ئەو حزبانە واز لەبەرژەوەندییە تەسکییە حزبییەکانیان بهێنن لە پێناو بەرژەوەندی گەورەتر پێموایە خزمەتێکە بەخەڵکی کوردستان و خودی ئیسلامییەکانیش خۆیان”.