نوچە-هەواڵنێری فەرەنسا
لە کاتیکدا، کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دەکرد و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەم وڵاتە کۆبێتەوە، ڕاپۆرتەکان باس لە چڕتر بوونەوەی هێرشەکانی میلیشاکانی بەستراوە بە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق.
ئاژانسی هەواڵنێریی فەرەنسا، لە ڕاپۆرتێکدا، کە لەم بارەوە بڵاوی کردۆتەوە، بە وردی ئاماژەی بەم چالاکیە سەربازیانەی ئێران لە عێراق کردووە.
بە گوێڕەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، لە کاتێکدا، کە تاران و واشنتۆن ململانێکانیان لە عێراق توندتر دەبێتەوە، کەلێن و ناکۆکیەکانی نێوان گروپە میلیشییایەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتەش توندتر بۆتەوە.
ئاژانسەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە بابەتی سەرەکی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتۆن و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، چارەنووسی ٥ هەزار سەربازی ئەمریکایە، کە لە چەندین بنکەی سەربازی لە عێراق جێگیر کراون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بە بەربەستە ناوخۆییەکانی بەردەم کازمی کردووە ، یەک لەوان ئەو کێشە و بەربەستانەن، کە حەشدی شەعبی لە سەر رێگەی پلانەکانی کازمی پێکی دێنن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کازمی بە بەراود لەگەڵ نوری مالیکی، کە لە ئێران نزیک بوو، زیاتر لە ئەمریکا و ڕوانگەکانی واشنتۆن نزیکە، ئەمەش کاردانەوەی توندی گروپە میلیشاییەکانی سەر بە ئێرانی لێکەوتۆتەوە.